پێنج چالاکوانی دیکەی بادینان ئازاد دەکرێن

ئەمڕۆ دادگای هەولێر سزای ساڵێكی سەپاند بەسەر پێنج چالاكی دیكەی بادینان، بەڵام لەبەر ئەوەی ساڵێك لە زیندان بون و ئەو ماوەیەیان بۆ هەژمار کراوە، بۆیە لەچەند رۆژی داهاتودا بەفەرمانی دادوەر ئازاد دەكرێن.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەپرۆسەی دادگاییکردنی هه‌ریه‌كه‌ له‌ (سلێمان کەنعان سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، فرسەت ئه‌حمەد سەعید، عامر خالید عەگید و جەمال خەلیل مەجید) ئامادەبون، لەدانیشتینی دادگادا بەهۆی نەبونی بەڵگەوە بێ تاوانی عامر خالید عەگید سەلمێنرا و بڕیاری ئازادکردنی درا.
باسی لەوەشکرد، دادوەری چوار دەستگیرکراوەکەی دیکەی بادینانی بەساڵێک زیندانیکردن سزادا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەر چواریان ماوەی ساڵێک زیاتر لە زیندابون و ئەو ماوەیەیان بۆ هەژمارکرا، بۆیە ئەوانیش ئازاد دەکرێن.
ئەو پێنج چالاکوانە وەک دەستەی پارێزەرانیان باسی دەکەن، تۆمەتی ئەوە درابوە پاڵیان كە هاوكارییان لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و بریتانیا “وەرگرتوە بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم، هەروەها تۆمەتێكی دیكە كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، ئەوەیە كە ویستویانە گروپێك بۆ پاڵپشتی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دروستبكەن”.
19ی ئەم مانگەش دادگای هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سه‌پاندنی ساڵێك زیندانیكردن به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ به‌ده‌ل به‌رواری و ئومێد به‌ڕۆشكی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌زیندانن، بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەرچو، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئومێد به‌ڕۆشكی به‌ دو ساڵی دیكه‌ به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندن سزادراوه‌ و له‌زیندان ده‌مێنێته‌وه‌.

پەیوەندیدار