بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لەسودان کودەتای سەربازی رویدا و سەرۆک وەزیران و ئەندامانی مەدەنی لە ئەنجومەنی سەروەری سودان کە بەرزترین دەسەڵاتی سەربازی وڵاتەکە بو، دەستبەسەرکراون
کۆمەڵەی پیشەیی سودان کە کۆمەڵەیەکی فەرمی سەر بە حکومەتی مەدەنی سودانە لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لەخەرتومی پایتەخت جوڵەیەکی سەربازی نائاسایی رویدا و عەبدوڵا حەمدوکی سەرۆکی وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراوە، هەروەها سەرجەم ئەندامانی مەدەنی لە ئەنجومەنی سەروەری سودان دەستبەسەرکراون
ئەوەش هاتوە، لەم کاتەدا سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت لە خەرتوم بڕاون و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەرەو شوێنێکی نادیار براون، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەکەن دژی کودەتا بڕژێنەسەر شەقامەکان
هاوکات دژی ئەنجامدانی کودەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لەهاوڵاتیان لەسودان رژاونەتەسەر شەقامەکان و بەسوتاندنی تایە و گرتنی شەقامەکان گوزارشت لەدۆخی نائارامی وڵاتەکەیان و دژایەتی کودەتاکە دەکەن
21ی ئەیلولی ئەمساڵیش دوای زیاتر لە دوساڵ جارێکی دیکە لە سودان هەوڵی کودەتا درا، بەڵام ئەنجومەنی سەروەری سودان ئەو کات رایگەیاند، هەوڵی کودەتاکە شکستی هێناوە
مانگی نیسانی ساڵی 2019ش بەهۆی گرانبونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و گەندەڵی حکومەتەکەی عومەر بەشیر، بەشێک لەهاوڵاتیانی سودان رژانە سەرشەقامەکان و بە هاوکاری سوپا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کودەتای سەربازییان لەو وڵاتە ئەنجامدا