ئەمه‌ریکا هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ سودان دەکات

به‌هۆی كوده‌تاكه‌، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی سودان کۆدەبێتەوە و ئەمه‌ریکاش هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ خەرتووم دەکات، هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی سودان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حەمدۆک و کودەتای سەربازی لە سودان رەتدەکەنەوە.

لەسەر پێشنیازی ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، نەرویج، ئێرلەندا، فەرەنسا و ئیستۆنیا، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی کودەتای سەربازی لە سودان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی سودان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا حەمدۆک و کودەتای سەربازی لە سودان رەتدەکەینەوە، هەروەها سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێزی کرد، لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

بلینکن، هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە داراییەکانیشی بۆ خەرتووم کرد، کە ساڵانە خۆی لە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار دەدات.

هاوکات لە زۆربەی ناوچەکانی سودان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی کودەتای سەربازی بەردەوامە وەزارەتی راگەیاندنی ئەو وڵاتەش، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی حەمدۆک و سەرجەم بەرپرسە دەستگیرکراوەکانی کرد.

دوێنێ كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی به‌سه‌ر حكومه‌تی سوداندا كرا و ژمارەیەك بەرپرسی حکومی لەلایەن هێزی سەربازییەوە دەستگیرکران، هێزێکی ئەمنی زۆر بە خەرتومی پایتەختدا بڵاوبوونەتەوە و رێگەی هاتن و چوون بۆ شارەکە قەدەخەکرا،‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی سودانیش رفێنرا.

بێستون لەتیف

پەیوەندیدار