ئەمڕۆ لە شاری هەولێر حزبی شیوعی كوردستان كارەكانی بەستنی حەوتەمین كۆنگرەی خۆی دەست پێكرد. لە كۆنگرەكەدا شاندێكی باڵای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداربوون.
وێڕای هیواخواستن بۆ سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرە، هاوكات حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی كۆنگرەی حەوتەمی حزبی شیوعی كوردستان كرد، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەرێز : لیژنەی ئامادەكاری حەوتەمین كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان
بەڕێزان: ئەندامانی كۆنگرە
بابەت: پەیامی پیرۆزبایی
سڵاوێكی گەرم..
بەبۆنەی بەستنی حەوتەمین كۆنگرەی حزبە تێكۆشەرەكەتان، حزبی شیوعی كوردستان، كە خاوەن مێژوویەكی پڕ لە شانازیو سەروەرییە لەخەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لەباشووری كوردستاندا. لەو بۆنەیەدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆمانتان ئاراستە دەكەین و هیوادارین كۆنگرەكەتان لە جێبەجێكردنی كارنامەكەیو بە ئەنجام گەیاندنی ئەركە سیاسیو رێكخراوەییەكانی سەركەوتووبێ، كۆنگرە وێستگەیەكی دیكەی رێكخستنەوە، نۆژەنكردنەوەو پتەوتركردنی پێگەی حزبی شیوعی كوردستان بێت لە مەیدانی سیاسیدا.
بەرێزان:
كۆنگرەكەتان لەكاتێكی گرینگ و هەستیار دایە، پەرەسەندنەكانی رەوشی سیاسی لەباشوری كوردستان و لێكەوتەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی بەشداری نەكردنی زۆرینەی خەڵك لەپرۆسەی دەنگدان، وەك مەسجێكی گرینگ، پێوستی بە هەڵوەستەی جددیو هەڵسەنگاندنی بابەتیانە هەیە ، ناكرێ نیگەرانیەكانی خەڵكو مەترسیەكانی بێ ئومێدبوونی خەڵك بەهەند هەڵنەگیرێ، ئێمە پێمان وایە فراوانبونی مەودای هەژاریو بێكاری، گرانی بازاڕ، ناعەدالەتی، خۆسەپاندنو قۆرخكارییو بەرتەسكردنی ئازادی سیاسی، سەرچاوەی سەرەكی ئەم دۆخە ناهەموارەیە، لەو سۆنگەیەدا دۆخەكە لەبەردەم گۆڕانكاری و تەحەددیاتی گەورەدایە.
لەكۆتاییدا، جارێكی دیكە پیرۆزباییو ئارەزووی خۆمان بۆ سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرە دووپات دەكەینەوەو لەو پێوەندەدا جەخت لەپەیوەندی مێژوویی نێوان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان و پەرەپێدانی كاری هاوبەش دەكەینەوە لەچوارچێوەی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپو كۆڕبەندی چەپی كوردستانی دا.
هەر سەركەوتوو بن
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
27ی تشرینی یەكەمی 2021