جەهەپەو هەرێمی كوردستان

هەندرێن شێخ راغب

پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) هەر دوو شارەوانی ئەنقەرەی پایتەخت و ئەستەمبوڵی بردەوە. ئاماژەكان ئەوە دەسەلمێنن كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو براوەی هەڵبژاردن دەبن و ئەردۆغان و پارتەكەی یان دەدۆڕێن یان وا لاواز دەبن بێ جەهەپەو لایەنەكانی دیكە حكومەتیان پێ دروست ناكرێت.

گۆڕانكاریەكانی ناو توركیا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن، دەبێت كاری جدی و بەرنامەیەكی باش هەبێت بۆ ئامادەكاریەكانی هەرێمی كوردستان دەربارەی گۆڕانكاریەكانی ناو توركیا. بۆ نمونە دۆسیەی نەوت، ئێمە دەزانین كێشەی سەرەكی و توندی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر دۆسیەی ئابوری سەربەخۆو فرۆشتنی نەوتە لەلایەن كوردەوە. دەروازەی ئەمەش توركیایە. هەرێمی كوردستان پارتی دەسەڵاتدار كە پارتی دیموكراتی كوردستانە لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری توركیا كە پارتی دادوگەشەپێدانە رێككەوتنی نەوتی كردووە. تەنها ئەم دوو پارتە ئاگاداری وردەكاری دۆسیەی نەوتن، بۆیە دوای هاتنە سەركاری پارتی جەهەپە لەتوركیا، دۆسیەی نەوتی كوردستان چی لێ دێت؟ بۆ نمونە جەهەپە بڕیاری دا كە تەنها لەگەڵ كۆمپانیای نیشتمانی دەوڵەتی عێراق مامەڵە دەكات كە سۆمۆیە، ئەوكات بۆ ئەم پێشهاتە هەرێمی كوردستان چی دەكات؟ جەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی ئێستای توركیا دیدیان جیاوازە بەرامبەرسوریاو عێراق و ناوچەكە، نمونەی دیكە هەیە وەك دۆخی شەنگال، پەیوەندی توركیا بە پەكەكەو هەرێمی كوردستان، بنكە سەربازیەكانی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان؟ بەردەوامی بۆمباران و ئۆپەراسیۆن لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

بۆچونم وایە گۆڕانكاری لەناوخۆی توركیا بەڕێوەیە، ئەگەر كورد زوو خۆی ئامادە نەكات و پاكێجی خۆی نەبێت، دوور نیە یەكێك لە قوربانیەكان كورد بێت. یان راستتر بڵێم كە گۆڕانكاری لەناوخۆی توركیا هەندێ دەرفەتی تازە دروست دەكات، تكایە لەم دەرفەتە تازانە تێبگەن و كاری بۆ بكەن و خۆی بۆ ئامادە بكەن.

پەیوەندیدار