داوای راگرتنی “مەدرەسە”کەی هەڵکەوت زاهیر دەکرێت

سەندیکان هونەرمەندانی کوردستان لەنوسراوێکدا کە ئاڕاستەی هەردو وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەی کردوە رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆکلیپێکی “مەدرەسە لەڕوی پەروەردەییەوە کاریگەری خراپی هەیە و لەڕوی هونەریشەوە لاوازە” بۆیە داوا دەکەن رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو کلیپە.

لەنوسراوەکەدا کە 27ی ئەم مانگە بەواژۆی نیاز محەمەد، سەرۆکی سەندیکان هونەرمەندانی کوردستان دەرچوە و ئاڕاستەی هەردو وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەی کردوە ئاماژەی بەوەشکردوە، “ماوەی چەند رۆژێکە کلیپێک بڵاوبوەتەوە کە لۆکەیشنەکەی پۆلێکی قوتابخانەیە و وشەکانی باس لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و (قوتابی/خوێندکار) دەکات بە شێوەیەکی ناپەروەردەیی کە ئەمە کاریگەری خراپی هەیە لە  روی پەروەردەییەوە هەیە”.

ئەوەش هاتوە، “کارەکە لەڕوی هونەریشەوە لاوازە، بۆیە داواکارین لە هەردو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە کە رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو کلیپە.”

ماوەی چەند رۆژێکە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکلیپی “مەدرەسە” بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەر دو لایەندا دابەشکردوە، کە بەشێکیان دژی ئەوەن بەو شێوەیە باسی ناو قوتابخانە و پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستا دەکات، لای خۆیەوە  ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناڕەزاییەکان رایگەیاندوە، “لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری قسە دەکەین”.

ڤیدیۆکلیپی “مەدرەسە” لەلایەن هەڵکەوت زاهیرەوە ئاوازی بۆ دانراوە و هونەرمەندان (میرا، د.بەلقیس، ئیدریس، بەشیر، گەیلان، کاکە، ئیلایدا مەتین) بەشدارییان تێداکردوە، هەروەها نەوژین سۆران تێکستی گۆرانییەکەی نوسیوە و بڵند سۆران یشکاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردوە.

پەیوەندیدار