دابه‌شكردنی موچه‌ دواخرا

ئه‌گه‌رچی بڕیاربو ئه‌مڕۆ موچه‌ی مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2021ی هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ دابه‌شبكرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بانكه‌كان ئاگاداركرانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ موچه‌ دابه‌ش نه‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌بانكه‌كانی سلێمانی رایگه‌یاند، “له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و كاروباری ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ موچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌نامه‌ دابه‌ش نه‌كه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی دیاری بكه‌ن و ته‌نها ئه‌وه‌یه‌، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌هۆی دروستبونی لافاوه‌كه‌ی دوێنێوه‌، كراوه‌ته‌ پشوی فه‌رمی له‌داموده‌زگا فه‌رمیه‌كان”.

 ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی، “ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ سبه‌ی دوشه‌ممه‌، موچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ دابه‌شبكه‌ین، تا ئێستاش هیچ خشته‌یه‌ك بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ دیارینه‌كراوه‌.

به‌گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، بڕیاربو ئه‌مڕۆ موچه‌ی مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2021ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ دابه‌شبكرێت.

شه‌وی رابردوشدا، پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌چه‌ند گه‌ڕه‌ك و شه‌قامیێكی گشتیی به‌هۆی پاشماوه‌ی لافاو ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هاتوچۆی هاوڵاتییان دروستبوه‌ و ڕێگای هاتوچۆ نه‌ماوه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان ده‌كرێته‌ پشوی فه‌رمی.

پەیوەندیدار