نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هێرشەكەی رێكخراوی داعش و شەهید كردنی دوو پێشمەرگە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت داعش هێشتا مەترسییەكی راستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەكات.
نێچیرڤان بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری سەربەرزی دوو شەهیدی گیانفیدا لە لیوای 10ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات، كە شەوی رابردوو دوای روبەڕوبونەوەیەكی قارەمانانە لە كاتی راوەدوونانی تیرۆرستانی داعشدا لە ناوچەی پردێ شەهید بوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، دووبارەبوونەوەی بەردەوام و فراوانبوونی پەلامارەكانی تیرۆرستان، ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە داعش هێشتا مەترسییەكی راستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری وڵات دەكات.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی، دەبێت بە ئیرادە و دەستێكی پۆڵایینەوە، بە هاوكاریی و هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكان و بە پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا لەناوبردنی یەكجارییان، رووبەڕوو و بەرەنگاریان ببینەوە.