رۆژئاوا لە بەردەم مەترسی داگیرکاریەکی دیکە دایە

دوای درێژکردنەوەی بڕیاری ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور لە لایەن پەرلەمانی تورکیا، جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئەوە درایەوە ئەردۆغان و سوپاکەی تا بۆ هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر سوریا و عێراق دەستکراوە بێت.
ئەگەرچی لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بوو بە بریاری ئۆپراسیۆنی دەروەی سنوور، دەنگی دژ سەبارەت بەو بریارە زۆر بوو، بە تایبەت کە بۆیەکەمین جارە پارتێکی تورکی کە دووەمین هێزی نێو پەرلەمانی تورکیایە (CHP) بە نا دەنگی بۆ ئەو بڕیارە دەدات، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە تورکیا هەڕەشە و گەفەکانی بۆ داگیرکردنی زیاتری رۆژئاوایی کوردستان بکاتە کردار.
لە چەند هەفتەی رابردوو هەر سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی پێشبینی کراوی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندبوو کە ئەوان چاوەڕوانی دیداری دوو قۆڵێ نێوان بایدن و ئەردۆغان دەکەن.
تورکیا لەو دیدارە زۆری مەبەستی بوو لە هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە نیەتی تورکیا بۆ پەلاماری سەر رۆژئاویی کوردستان تێبگات.
پێش دیداری دوو قۆڵێ بایدن- ئەردۆغان کە لە پەراوێزی دیداری G20 لە کۆتا رۆژی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١لە رۆما ئەنجامدرا، تورکیا سەرجەم ئامادەکاریەکانی لە بواری سەربازی و لۆجستی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوا تەواو کردبوو. لە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ئەوناوچانەی کە پێشتر تورکیا لە رۆژئاوا داگیری کردبوون، لە نموونەی عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی، هەروەها ئامادەکردنی هێزە وابەستەکانی خۆی لە نموونەی سوپای سوریای نیشتمانی و کەتیبەکانی دیکە کە بە هێزی بەکرێگیراوی تورکیا دەناسرێن.

شایانی ئاماژە بۆ کردنە ئەگەر تورکیا ئەو پلانەی بۆ بچێتە سەر، ئەوا ناوچەیەکی گرنگ لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی فوڕات دەکاتە ئامانجی داگیرکاری خۆی، کە هەریەک لەو ناوچانە دەگرێتەوە ( تل رەفعەت ، عەین عیسا، تل تەمەر، هەروەها منبج)، وە دوای ئۆپراسیۆنی داگیکردنی عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ و ئۆپڕاسیۆنی داگیرکردنی سەرێ کانیێ و گرێ سپی کە لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدراون، ئەوە سێیەمین ئۆپراسیۆنی فراوانی سوپای تورکیا دەبێت.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە ١نۆڤێمبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان بە پەلە کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ئەوروپا هێنا و گەیشتەوە تورکیا. ئەگەرچی باس لەوە دەکرێت کە جۆ بایدن هۆشیاری داوەتە ئەردۆغان لەوەی کارێک نەکات لەوە زیاتر پەیوەندیەکانیان تێک بچێت، بەڵام ئەزموونی رابردوو لە بێ هەڵوێستی و تەنانەت چاوپۆشی هەریەک لە رووسیا و ئەمەریکا لەو دوو ئۆپڕاسیۆنەی ئاماژەمان پێدان ئەوەمان پێدەڵێن کە رۆژئاوایی کوردستان جارێکی دیکە لەبەرەم هەڕەشەی داگیرکاری تازە دایە.
تورکیا لەو ئۆپڕاسیۆنەدا مەبەستیەتی بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی رۆژئاوایی کوردستان، لەو بارەیەوە رەخنەی لە هەریەک لە روسیا و ئەمەریکا هەیە، کە ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوونە سەبارەت بە پاشەکشە پێکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانە.

شایانی باسە شاری کۆبانێ کە لە ئێستادا وەک شارێکی سومبلیک دژ بە داگیرکاری تیرۆرستانی داعش یادی رۆژی جیهانی کۆبانێ (١ نۆڤێمبەر) دەکاتەوە، بەدەر نابێت لەو داگیرکاریە، چونکە ئەگەر سوپای تورکیا لەو ئۆپڕاسیۆنەدا راستەوخۆش پەلاماری کۆبانێ نەدات، ئەوا ناوچەیەک داگیردەکات کە دەبێتە هۆی دابڕاندنی کۆبانێ لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی هەسەدە، کە ئەمەشیان ناڕەستەوخۆ داگیرکردنی کۆبانێ دەبێت.

هیوا سەید سەلیم

پەیوەندیدار