مەلا بەختیار لە دواهەمین روونکردنەوە لەبارەی ژەهرخواردکردنیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە چەند جارێک لە رابردوودا هەوڵی تیرۆکردن و ژەهرخواردکردنی دراوە بەڵام ئەمجارە لەسەردەستی (هەڤاڵان) ژەهرخواردکراوە.
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە نوێترین روونکردنەوەدا کە لەبارەی ژەهرخواردکردنی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردۆتەوە و لە بەرلین لە نەخۆشخانەی ڤیڤانتێس نووسیویەتی ئاماژە بەوە دەکات، هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنی بووە و ئەو بڕستی ئەوەی نەبووە بەهۆی چارەسەرەوە بەراوردێکی تیرۆرکردنەکەی لەسەر دەستی قاعیدە و ژەهرخواردکردنی لەسەر دەستی (هەڤاڵان) بڵاوبکاتەوە.
لەبەشێکی تری روونکردنەوەکەیدا مەلا بەختیار باس لە دۆخی ئێستای حزبەکەی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات “بەکردەوە لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە، یەکێتی سەنگی پێش کۆنگرەی لەدەستدا. لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا ٣٠٠ هەزار دەنگدەر، متمانەیان لە یەکێتی سەندەوە”.
دەشڵێت” بەچڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات”.
لەبەشێکی تری روونکردنەوەکەدا مەلا بەختیار ئاماژە بەوە دەکات “لەو چوارچێوەیەدا ژەهرخواردکردنمان لەناو یەکێتی، ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە”.
جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەی تاوانیان بەرامبەر کراوە بەڵام بەهۆی “دابونەریتی کوردەواری و شکۆی مام جەلال، ئارام ، عەلی عەسکەری، شیهاب، دکتۆر خالد، شێخ حسێنی یەزیدی، سەعدی گچکە، ڕەوف بەگ، ڕەسول مامەند، سەید کەریم، ملازم تایەر علی والی، تاد…. ناتوانین بەدڵی خۆمان باسیشی بکەین”.
هاوکات رەخنە لە ئەنجومەنی باڵای حزبەکەی دەکات کە خۆی یەکێکە لە ئەندامەکانی و دەڵێت “قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە. ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە”.
روونکردنەوە نوێکەی مەلا بەختیار لەکاتێکدایە کە تائێستا هیچ بەڵگە و دۆکۆمێنتێک لەبارەی ژەهرخواردکردنی و هەروەها هیچ پشکنینێکی پزیشکی و نەخۆشخانەیەک ژەهرخواردنەکەی مەلا بەختیاری پشتڕاست نەکردۆتەوە.
پێشتریش هەژماری فەرمی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە فەیسبوک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “لە دوو نەخۆشخانەی ھەرە پێشکەوتووی ئوردن (الخالدیە) و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشکنینی ورد و ھەرە زانستی بۆ کراوە، ھەردوو نەخۆشخانەکە سەرەنجامی پشکنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەرکەوتووە کە بەڕێز مەلا بەختیار بە ژەھری (جیوە) دەردەدار کراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد “لە گەڕانەوەدا، دوای دوو ھەفتە، تەواوی بەڵگەکان دەخاتە بەردەم ڕایگشتی و یەکێتی و حزبە تێکۆشەرەکانی کوردستان و عیراق ھەروەھا کونسوڵگەریی و سەفارەتەکان”
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەپاش ڕووداوەکانی هەشتی تەموزەوە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی پرسی ژەهر خواردکردن بووە بابەتی گەرمی میدیاکان و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دوو سەرکردەی یەکێتی ڕایانگەیاندبوو دوای پشکنیەکان دەرکەوتووە کە ژەهرخوارد کراون.