بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی “وۆرڵد پۆپیولەیشن ڕیڤیو”ی تایبەتمەند بەئامار، عێراق لەڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیە کە پیسترین هەوایان لەجیهاندا هەیە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێت:”ساڵانە 4.2 ملیۆن کە س بەهۆی بەرکەوتن بەهەوای پیسەوە گیانلەدەستدەدەن”.
دەشڵێت:”لەسەدا 91ی دانیشتوانی جیهان لەوجێگایانەدا دەژین کە کواڵیتیی هەواکەیان لەوئاستەدا نییە کە ڕێکخراوەکەیان دیاریکردوە”.
پێوانەی پیسبونی هەوا لەسەر چوار پێوەر وەستاوە کە ئەوانیش بریتین لەڕێژەی ئۆزۆن، دوەم ئۆکسیدی نایترۆجین، دوەم ئۆکسیدی کیبریتو تەنۆکە هەڵواسراوەکان، بۆ ساڵی 2021یش پێگەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ڕادەی کواڵیتی هەوای 92 وڵاتی جیهان کردوە وڵاتە هەرە پیسەکانی لەڕوی هەواوە دیاریکردوە.
بەپێی داتاکانی پێگەکە، ڕیزبەندی وڵاتە هەرە پیسەکان لەڕوی هەواوە بەمشێوەیە بوە: بەنگلادیش، پاکستان، مەنگۆلیا، ئەفغانستان، هیندستان، ئیندۆنیزیا، بەحرێن، نیپاڵ، ئۆزبەکستانو دواتر عێراق کە پلەی دەیەمینی گرتوە.
ئەوەش ڕونکراوەتەوە، هۆکارەکانی پیسبونی هەوای عێراق بریتین لەدەردانی گازی ئۆتۆمبێلەکان، پیسبون بەهۆی جەنگەوە، موەلیدەی کارەبایی، ئاگرکەوتنەوە بچوکەکان.