“گەنج و خوێندكار”

بێنەوە شەقام چی ڕوودەدات؟

شنە بەرزنجی

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020 دەنگی ناڕەزایەتی زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، خۆپیشاندەران لە ئاستێكی توند و تیژتر لە ڕابردوو ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەجۆرێك لە بەشێك لە شەقامەكان ژمارەیەك خۆپیشاندەر هێماكانی هاتوچۆیان تێكشكاند و لە ناوچە جیاجیاكانیش ژمارەیەك بارەگای حزبی و حكومیان سوتاند، دەرئەنجامەكەشی بەوە كۆتایی هات كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجاری پەرلەمانی عیراق نزیكەی 70%ی هاوڵاتیان نەچوونە سەر سندوقی دەنگدان و بایكۆتیان بە چارەسەر زانی، ئەمەش دوای ئەوەی كە حكومەت هیچ یەك لە داوای خۆپیشاندەرەكانیان جێبەجێنەكرد كە داواكانیان خۆی لە دابینكردنی ژیانێكی باشتر لەوكات دەبینیەوە، ئەو خۆپیشاندانە هەر زوو لەلایەن تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بە “شۆڕشی برسیەكان” ناسرا.

لە ئێستاشدا و لە كۆتاییەكانی ئەمساڵدا زنجیرەیەك گردبوونەوەی ناڕەزایەتی چەند شوێنێكیتری ئەم هەرێمەی گرتەوە، كە ژمارەیەك لە خوێندكاران بەهۆی وەرنەگرتنیان لە (زانكۆ و پەیمانگاكان) ناڕەزایەتیان دەربڕی، “ساڵانی ڕابردوو دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەهۆی دانەمەزراندنیان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی ئێستا بەهۆی نەهاتنەوەی ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان ناڕەزایەتی دەردەبڕن”، كە واتە ئێستا خوێندنەوەی ورد بۆ بارودۆخەكە بكەین ئەوا دەبینین ساڵ لە دوای ساڵ قەیرانی نوێتر بەرۆكمان دەگرێت، گەر بەم جۆرەی ئێستاش بڕوات ئەوا یەك دوو ساڵی داهاتوو سیستەمە حوكمدارییەكە بە تەواوی دەوەستێت و جێگەیەك نامێنێت بۆ بەردەوامی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان و سێكتەرەكانیتری حكومەت.

بێدەنگبونی ئەو گەنجانەی پێش دووساڵ ناڕەزایەتیان دەربڕی مانای ئەوەنیە بەم دۆخەی ئێستا ڕازین، بەڵكو لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی بێنەوە شەقام و دەست بە ناڕەزایەتیەكانیان بكەنەوە بۆ وەرگرتنی مافە ڕەواكانیان، هاوشانی ئەمەش هەزاران خوێندكار كە نوێنەرایەتی زۆرتر لە ژمارەی خۆیان دەكەن لە شەقامن، لە چارەسەرنەكردنی كێشەكانیان ئەگەر زۆرە لە ئاستێكی بەرزتردا ئەم “گەنج و خوێندكار”انە بێنەوە شەقام و داواكانیان سەربكێشێت بۆ ڕاپەڕین یان لانیكەم هەڵوەشاندنەوەی كابینەی نۆ و هەڵبژاردنی پێشوەختەی هەرێمی كوردستان.

پێشتر لای ئێمە دەستەواژەی “بخوێنە بۆ ئەوەی ئایندەت ڕوونتربێت” وەك كلتوری لێهاتبوو كە بۆ هاندانی زیاتر ئێمەی مامۆستا بەردەوام بە گوێی خوێندكارانماندا دەدا، بەڵام بەداخەوە ئێستا ڕووی ئەوەمان نیە ئەو قسەیەش لە دەممان بێتە دەرەوە، چونكە خوێندكارەكە و ئێمەش باش دەزانین حكومەت پێشتر گرنگی بە دامەزراندن نەدەدا ئێستا گرنگی بە وەرگرتنی خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگاكانیش نادات!.

لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: پێش دەستپێكردنەوەی خوپیشاندانی سەرتاسەری و وەستاندنی هەموو شتێك، پێویستە حكومەت ڕێگە چارەی بەپەلە دانێت بۆ چارەسەركردنی  داوای ڕەوای خوێندكاران، گەرنا ئەمجار ڕەنگە لەگەڵ درێژەدان بە ناڕەزایەتیەكانی خوێندكاران، گەنجە توڕەكانیش بێنە پاڵیان و “شۆڕشی برسی و خوێندكاران” دەست پێبكاتەوە، چارەسەری بەپەلەش كە حكومەت پێویستە ئەنجامی بدات ئەوەیە بڕینی دەستی حزبە لە ناو حكومەتدا و دانانی پسپۆر و كەسی شارەزا لە سێكتەرە حكومیەكان و كێشانەوەی كادیرە حزبیەكانە بۆ ناو بارەگا حزبیەكان.

پەیوەندیدار