ئێران و یەکێتیی ئەوروپا بە جیا رایانگەیاند، 29ی ئەم مانگە گفتوگۆکانی ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە، ئەمریکاش دەڵێت ئەگەر ئێران لە دانوستاندنەکاندا “رژد” بێت، ئەوا دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن.
رۆژی چوارشەممە 03-11-2021 فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “لیژنەی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی 29ی تشرینی دووەم کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو لە ڤیەننا دەکات.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە لایەن ئێنریکی مۆرا، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا سەرکردایەتی دەکرێت.
هاوکات عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پشتڕاستکردەوە.
باقری کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندی دانوستاندکاری ئێران بۆ گفتوگۆکانی ڤیەننا، لە تویتێکدا رایگەیاند: “لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئێنریکی مۆرا، رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لابردنی سزا ستەمکار و نامرۆییەکان لە 29ی تشرینی دووەم لە ڤییەنا.”
هەروەها نێد پڕایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر لە رۆژی چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دەکرێت واشنتن خێرا لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتنێک ئەگەر ئێران لە دانوستاندنە دیپلۆماسییەکاندا “رژد” بێت.
نێد پڕایس بە رۆژنامەڤانانی گوت: “ئێمە بڕوامان وایە ئەگەر ئێرانییەکان رژد بن، دەتوانین ئەو کارە لە ماوەیەکی کورتدا بکەین.”
پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران هەنگاوە ئەتۆمییەکانی پێچەوانە بکاتەوە، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ نێو رێککەوتنەکە؛ هەمان ئەو رێککەوتنەی کە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ واشنتنی لێ کشاندەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەوروپا، لایەنە بەشداربووەکانی نێو رێککەوتنەکە، واتە بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئێران لە کۆبوونەوەی 29ی مانگدا ئامادە دەبن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “بەشداربووان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی و چۆنیەتیی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی و کاریگەرانەی رێککەوتنەکە لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە.”
تاوەکو ئێستا شەش گەڕی دانوستاندنی وڵاتانی 4+1 و ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کراون، حکومەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتیی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، تاکلایەنە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی راگرت.