وەزیری راگەیاندنی لوبنان رایگەیاند، لەسەر “داگیرکردنی عێراق و فەڵەستین لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە عەرەب بوێری ئەوەیان نەبو باڵیۆزەکانیان لە واشنتن و تەلئەبیب بکشێننەوە، بەڵام کاتێک من بۆچونی کەسی خۆم لەبارەی جەنگی یەمەن دەردەبڕم، عەرەب ناڕەزایی دەردەبڕێت و باڵیۆزەکانیان لە بەیروت دەکشێننەوە”.
جۆرج قرداحی، وەزیری راگەیاندنی لوبنان لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، “کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکرد، عەرەب بوێری ئەوەیان نەبو باڵیۆزەکانیان لە واشنتن بکشێننەوە، هەروەها ئێستاش کە ئیسرائیل فەڵەستنی داگیرکردوە عەرەب دانی بەوەداناوە کە ئیسرائیل مافی خاوەنداریەتی ئەو خاکەی هەیە کە زەوی فەڵەستینییەکانە”.
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیش لەسەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل، وەزیری راگەیاندنی لوبنان نوسیویەتی، “ئێستاش هەمو رۆژ وڵاتێکی عەرەبی هەوڵ دەدات باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیب بکاتەوە”.
ئەوەشی خستوەتەڕو، “بەڵام كە جۆرج قرداحی بۆچونی کەسی خۆی لەبارەی جەنگی یەمەن دەخاتەڕو، عەرەب ناڕەزایی دەردەبڕێت و باڵیۆزەکانیان لە بەیروت دەکشێننەوە”.
لەچەند رۆژی رابردودا جۆرج قرداحی، وەزیری راگەیاندنی لوبنان و ئەستێرەی پێشوی کەناڵەکانی MBC، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، “دژی دوژمنکارانی دەرەکی بەرگری لە خۆیان دەکەن،” بەتایبەت کە هاوپەیمانییەکەی سعودیە “ماڵ، گوند، پرسە و زەماوەند” بۆردومان دەکات.
ئەو چاوپێککەوتنە لە مانگی ئابدا تۆمارکرابو، بەڵام رۆژی دوشەممەی هەفتەی رابردو پەخشکرا، لەکاردانەوەی ئەو لێدوانەشدا سعودیە باڵیۆزی خۆی لەلوبنان کێشایەوە و داوای لە باڵیۆزی لوبنان کرد لە ماوەی 48 کاتژمێردا وڵاتەکەیان جێبهێڵێت.