جەبار یاوەر: داعش لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ١٧٠ کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ١٧٠ کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە کە زۆرینەیان لە ناوچە جێناکۆکەکان بووە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردوە،، ھەرچەندە حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ کۆتایی ھاتنی داعش راگەیاندوە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەکردەوە، داعش کۆتایی نەھاتووە و خۆی رێکدەخاتەوە و جارێکی تر دەست بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەکاتەوە.

رونیشیکردوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ دا تیرۆیستانی داعش ھەزار و ٧٤٢ کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، لە ٢٠١٩ نزیکەی ٢٧٠ کردەوەی تیرۆریستی و لە ٢٠٢٠ نزیکەی ٢٣٠ و لە ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢١یش ١٧٠ کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، بەگشتی لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە تا ئێستا دوو ھەزار و ٤١٢ پەلاماری تیرۆریستی ئەنجامداوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندوە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکان لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بووە، پەلاماری ھێزەکانی عێراق یا پێشمەرگە دەدات،  بەڕێگەی کردەی خۆکوژیی یاخود دانانی مین یان بە قەناس لە دوورەوە ھێرش دەکات.

پەیوەندیدار