ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، كۆڵبەرێكی خەڵكی (بانە) لە كاتی كۆڵبەری لە یەكێك لە ناوچە سنورییەكان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژرا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، شەوی پێنج شەممە ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سنووری ناوچەی سارداوی سەر بە شاری (بانە) كۆڵبەرێكیان بە ناوی “محەمەد خودایی” داوەتە بەر دەستڕێژ و كوشتوویانە.
ئاشكراشیكرد، محەمەد خودایی ٢٨ ساڵە و خەڵكی گوندی “كانی سێف” سەر بە شاری (بانە)یە، ئەم كۆڵبەرە كەلەكەی ٤ فیشەكی بەركەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و دواتر تەرمەكەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە (بانە) و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.