لە سنوری قەزای مەخمور ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی و هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجام درا، بەڵام لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا هیچ رووبەڕوبونەوەیەك رووی نەداوە.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش بۆ سەر مۆڵگەكانی چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای چیای قەرەچۆغ بەرەو گوندەكانی كوشافی سەربە ناحیەی گوێر لە سنوری قەزای مەخمور ئەنجام دراوە.
باسی لەوەش كردووە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە دۆزینەوەی مۆڵگەكانی داعش بووە و بەسەرپەرشتی هێزەكانی فەرەنساو فڕۆكەی هاوپەیمانان و بەشداری پێشمەرگە و سوپای عیراق بەڕێوەچووە، هەروەها هیچ روبەڕوبونەوەیەك روینەداوە.
ئەو فەرماندە خۆبەخشە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هۆكاری ئەنجامدانی ئەو چالاكییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە داعش لە گوندی كوشاف سێ بارەگاو چەند تونێلێكی شاراوەی دروست كردووە.