نێچیرڤان بارزانی : هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشهاتێكی ترسناكه‌


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تووندی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنە دەکات و بە هەوڵێکی شکستخواردوو ناوی دەبات کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: “ئەو هەوڵە شکستخواردووە بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لەبەغدا کرایە ئامانج سەرکۆنە دەکەم”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: “ئەم کردەوە تیرۆریستییە پێشهاتێکی مەترسیدارە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات و هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامە سەختەکان. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە ئارامی بپارێزن و دان بە خۆیاندا بگرن.”

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

دوای هێرشەکە، مستەفا کازمی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، هەموو لایەکی دڵنیاکردەوە کە تەندروستی باشە و لە تویتێکدا نوسیوویەتی “پێشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عێراق و گەلی عێراق، موشەكەكانی ستەمكاری ئیمانداران سڵ ناكاتەوە، و موویێكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە لە مكوڕی و سووربوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا بۆ سەر رێچكەی خۆی”.

bestun

پەیوەندیدار