کۆچبەرانی ئەمریکای ناوەڕاست کە دەیانەوێت لە رێگەی مەکسیکەوە بگەنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانەوە بەردەوامن لەسەر رێپێوانیان.
میدیاکانی مەکسیک بڵاویان کردەوە، کۆچبەرانی نایاسایی کە بەهۆی کێشەکانی وەک توندوتیژی، بێکاری و هەژارییەوە هەوڵی گەیشتن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدەن لە پێناو بنیاتنانی ژیانێکی باشتردا، بەهۆی رێگریەکانی پاسەوانانی نیشتمانییەوە ئاراستەیان گۆڕیوە.
کاروانی کۆچبەران کە لە ویلایەتەکانی ڤێراکروز لە خۆرهەڵات و ئۆاخاکا لە باکووری وڵاتەکە کۆبوونەتەوە، بۆ گەیشتن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرلەنوێ دەستیان بە رێپێوان کردووەتەوە.
پەیمانگای نیشتمانیی بۆ کۆچ (INM)، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی، بەڵام چوونە ناوەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە.
لە پێنجی تشرینی دووەمدا، کاتێک کۆچبەرانی نایاسایی هەوڵیاندا لە باشووری خۆرهەڵاتی مەکسیکەوە بەرەو سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرێبکەون، شەڕ و پێکدادان لەنێوان کۆچبەران و پاسەوانانی نیشتمانیدا روویدا و لە ئاکامدا، ٣٠ کۆچبەر دەستگیرکران و پێنج پۆلیسیش برینداربوون.