هادی عامری : عێراق چیتر بەرگەی گرژی زیاتر ناگرێت

سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، عێراق چیتر بەرگەی گرژی زیاتر ناگرێت و داوای لە لایەنەکان کرد ھێمنی بپارێزن

ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە بارەی رەوشی عێراقەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ھاتووە، “پێویستە چارەسەری گرژییەکانی وڵات بۆ یاسا و ئەو لیژنەیە جێ بھێڵدرێت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دژ بە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان و بە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی

ئاماژەی بەوەشداوە، “ھەموومان متمانەمان بە یاسا و دادپەروەری ھەیە. داوای پاراستنی ھێمنیش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین. چونکە عێراق توانای بەرگە گرتنی گرژی زیاتری نەماوە. پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرپرسیاریەتی ھەمووانە”.


ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی شاری بەغدا و لە ھێرشەکە بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی گیانی و جەستەیی بەربکەوێت رزگاری بوو.
لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشاندا، گرژی لێ کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.


دوابەدوای ئەوەش، گرووپەکانی نزیک لە ئێران بە زمانێکی توند رەخنەیان لە مستەفا کازمی گرت و ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت

پەیوەندیدار