ئاییندەی حکومەتی تەوافوقی لە عێراقدا :
مێژووی نوێی حکومڕانی لەعێراقدا مێژوویەکی پڕ لە توندڕەوی دەمارگیری و سڕینەوەی یەکتر و نەخوێندنەوەی ئەوانی تر بووە ، ووڵاتێک نەبووە دامەزرابێت لەسەر بنەمای یەکتر قبووڵ کردن بە هەموو جیاوازیەکانەوە ، هەر بۆیەشە ووڵاتێکی هێند بەهێزی لێ دروست نەبووە تا بتوانێت ڕووبەڕووی هێرش و مەترسیە دەرەکیەکان ببێتەوە ، مێژووی ململانێی جیاوازی نەژادی و ئایینی و مەزهەبی تێێیدا بێ وێنە بووە ، بەعسیەکان ئەگەرچی تەمسیلی مەزهەب و پێکهاتەیەکی دیاریکراویان نەدەکرد بەڵام زۆرینه دەسەڵاتدارەکانیان سونە مەزهەب بوون و ڕێگریان لە بەیەک گەیاندنی هەموو شیعەکان دەکرد لە کۆی ووڵاتان و بە تایبەتیش لەنێوان شیعەکانی عێراق و ئێران ، دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە ۲۰۰۳ ئینجا بەحوکمی ئەوەی زۆرینەی پێکهاتەی عێراق پێک دەهێنن شیعەکان توانیان دەسەڵات وەربگرن و بەپێی مادە (۷٦) – یەکەم سەرۆک وەزیران لە ئەوان دەبێت ، هەرچەندە ئەم مادەیە دوو جۆرە تەفسیری بۆ کراوە ، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو حزبەی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن دەبێت سەرۆک وەزیران لەو حزبە بێت ، تەفسیری دووەم ئەوەیە کە کوتلە پێک دەهێنرێت و ئەو کوتلەیە سەرۆک وەزیران دیاری دەکات لە ڕێی پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کازمی کراوە بە سەرۆک وەزیران سەرەڕای ئەوەی سەربەهیچ حزب و کوتلەیەک نەبووە ، کۆمەڵێک دەرەنجام وایان کردووە کە ئەم وەک بێ لایەنێکی حزبی ئەم پۆستەی پێ بسپێردرێت ، یەکێکیان ئەوەیە بریتیە لە ناکۆکیەکانی حیزبە شیعیەکان ، دووەمیشیان ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکاو ئێران بەوەی کە کەسێکی میانڕەوی سیاسی دابنرێت بۆ ئەم پۆستە بەجۆرێک بەهەمان دووری لەلایەک لەنێوان ئەمەریکاو ئێران ، لەلایەکی تر لە نێوان شیعە و سونەو کورددا نزیک بێت ، ( پۆل بریمەر ) حاکمی مەدەنی عێراق لە کتێبی ( ساڵەکەم لەعێراق ) ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمەریکا دەیەوێت عێراقی دوای سەدام حوسێن عێراقێکی تەوازن و تەوافوق بێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتە ( عەرەبی شیعە و عەرەبی سونەو کورد ) .
بەڵام پرسیارێک دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە ، ئایا تاسەر ئەم تەوافوقە قبوڵکراو دەبێت و ڕێزی لێ دەگیرێت یاخود ناوە بەناوە چ لەڕێگەیەکی ئاشتیانەو هێمنانه و گفتوگۆ یاخود لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ناڕەزایی لەئاستیدا دەردەبڕدرێت ؟!
گومان لەوەدا نیە کاتێک کە باڵانسی هەژموونی هێز لەناوچەکە تێکدەچێت ودەگۆڕێت ئیتر کاردانەوەکانیش دەگۆڕێن ، بۆنموونە لەم هەڵبژاردنەی دوایی ڕەوتی فەتح کە نزیکن لەئێران دوای ئەوەی لە( ٤۸)کورسیەوە توانیان تەنیا (۱٤) کورسی بەدەست بهێننن پاشان خۆیان وشوێنکەوتووانیان ناڕەزاییان دەربڕی لەکاتی ئیعلانکردنی ئەنجامەکان ، هەرچەندە سەرکردەکانی ئەوانیش و حزبەکانی تری عێراقیش ئیدانەی ئەو هێرشانانەیان کرد کە کرانە سەر کازمی .
هەروەک چۆن پۆل بریمەریش لەکتبی ناوبراو دەڵێت پێمان وایە ئەو دیموکراسیەی لە عێراق دروست دەبێت مەرج نیە وەکو ئەوە بێت کەلە ڕۆژئاوا بوونی هەیە .
بەرهەم کەڵهوڕی