ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کێشەی کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا کۆدەبێتەوە.
کێشەکە چیدیکە تەنیا مرۆیی نییە، بەڵکو بووەتە کێشەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و بێلاڕووسدا.
یەکێتیی ئەوروپا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بێلاڕووسی هاوپەیمانیی رووسیادا کردووە، مۆسکۆش لە هەمانکاتدا مانۆڕی سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانەکەیدا ئەنجامدا و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بە ئاسمانی بێلاڕووسدا سووڕانەوە.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دەڵێت لێشاوی کۆچبەران بۆ سەر سنووری وڵاتەکەی “هێرشێکە” کە بە گوتەی ئەو ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پلانی بۆ داناوە.
ماتوێز مۆراڤیێتزکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا گوتی: “ئەمە دوایین هێرشە لە لایەن لۆکاشینکۆوە دەکرێت، کە خۆی تەنیا جێبەجێکارەکەیە، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی لە مۆسکۆیە، ئەو بەڕێوەبەرەش سەرۆک پوتینە، کە سوورە لەسەر جێبەجێکردنی سیناریۆی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی رووسیا.”
ڤیلادمیر پووتین یەکێکە لە هاوڕێکانی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕووس. ساڵی رابردوو، وڵاتانی رۆژئاوا بە تۆمەتی چەوساندنەوەی خۆپیشاندەران، سزایان بەسەر لۆکاشینکۆدا سەپاند، بەڵام رووسیا لە پاڵپشتیکردن لێی بەردەوام بوو.
راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە پووتین کردووە، پەیوەندیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لۆکاشینکۆ رازیبکات تاوەکو کۆتایی بە لێشاوی کۆچبەران بۆ سەر سنووری پۆڵەندا بهێنرێت.
ستێفان زایبێرت، گوتەبێژی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت: “راوێژکار روونیکردنەوە، کە بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو ئامراز لە لایەن بێلاڕووسەوە دژی یەکێیتی ئەوروپا نامرۆڤانەیە و بەهیچ شێوەیەک قبوول ناکرێت. هەروەها داوای لە سەرۆکی رووسیا کرد کاریگەری خۆی بەسەر رژێمی مینسکدا بەکاربهێنێت.”
وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، بێلاڕووسی هاوپەیمانیان هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە داوە.
سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: “بێلاڕووس چەندینجار پێشنیازی ئەنجامدانی دانوستاندن و گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی کێشەکان چارەسەربکرێن.”
ئەمریکاش پاڵپشتیی لە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپای هاوپەیمانی دەکات. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە گوتی ئەوان پێیانوایە لێشاوی کۆچبەران وەکو ئامراز لە لایەن لۆکاشینکۆوە بەکاردەهێنرێت و بۆیە لە گوشارەکانیان بۆ سەری بەردەوام دەبن.