دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێم دژی گەڕاندنەوەی كۆچەرانە بە زۆرەملێ و پێویستە بیلاروسیا و پۆڵەندا پابەندبن بە پاراستنی مافی كۆچەران و ژیانیان.
دیندار زێباری لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك دژی بە قاچاخ بردنی هاوڵاتیانە، پرۆسەكە لە دەرەوەی هەرێم ئەنجام دەدرێت و كۆچەران لە رێگای وڵاتانی دراوسێوە بە ڤیزای گەشتیاری یان بە هەر شێوەیەكی دیكە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆسەكە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەچەند كاروانێك هەزاران كەس كۆدەكرێنەوە تاوەكو دەگەنە سنوری وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، هەرێم دژی هەر هەنگاوێكە كە ببێتە هۆی گەڕانەوەی زۆرەملێی كۆچەران.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێویستە هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و بێلارووس پابەند بن بە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی كۆچەران و پاراستنی ژیانیان، ئەوانەی كۆچ دەكەن لەوێ چیرۆكی ناڕاست لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە باس دەكەن، تەنیا لە پێناو وەرگرتنیان.