هێزەکانی روسیا فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریان لەبنکەی سەربازی حەمیمیم لە لازقییەوە ناردە فڕۆکەخانەی شاری تەبەقە لە رەققە و قامیشلۆ و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.
لەماوەی رۆژانی رابردوودا فڕۆکەخانەی تەبەقە جموجۆڵی چڕوپڕی فڕۆکەوانی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات چەندین چەکی قورسی سەربازیی سەربە هێزەکانی حکومەت گەیەندراونەتە شارەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ئێستادا تورکیا هەڕەشەی توند دەکات لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان.
میدیاکانی روسیا جەختیان لەوەکردەوە، هێزەکانی روسیا 20 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی میگ 29 و سو 35 و سو 34 دەنێرێتە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، جگە لەوەش دەنگۆی ئەوە هەیە، روسیا فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بکاتە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازیی خۆی لە سوریا لەدوای فڕۆکەخانەی حەمیمیم.
سەرچاوەکانی روسیا ئاشکراشیان کرد، روسیا هەوڵدەدات 12 هێلیکۆپتەر لەجۆری MI-8 و پێنج فڕۆکە لەجۆری KA-52 لەفڕۆکەخانەی کۆبانێ بڵاوەپێبکات.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی روسیا و حکومەتی سوریا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەنزیک هێڵەکانی تەماسی هێزە تورکییەکان و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکان لە چوارچێوەی سوپای نیشتیمانی، لەحەسەکە و رەققە راهێنانی سەربازییان ئەنجامدا.
چەند سەرچاوەیەکی تایبەتیش بەتۆڕی هەواڵی ئوگاریت پۆستیان راگەیاندووە، لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهێنراوە، بەمەبەستی رووبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیا بۆسەر ناوچەکە.