ئەڵمانیا ژمارەیەکی پێوانەیی لە تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرد، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە 24 کاژێردا ئەنجامی پشکنینیان پۆزەتیڤ بوو، 235 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
پەیمانگەی رۆبەرت کوخی ئەڵمانی بۆ چاودێری تەندروستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 50 هەزار و 196 کەس لە سەرانسەری ئەڵمانیا تووشی کۆرۆنا بوون، بەهەمانشێوە گیان لەدەستدانیش ژمارەی پێوانەیی بەراورد بە مانگەکانی رابردوو تۆمارکردووە و 235 کەس لە شەو و رۆژێکدا لە وڵاتەکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش ئاماژەی تووندی شەپۆلی نوێی کۆرۆنایە لەنێو وڵاتەکەدا.
یەکەمجارە ئەڵمانیا لەوەتەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەو ژمارەیە تۆمار دەکات، دوێنێ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەوەتەی سەرەتای مانگی رابردووەوە “کارەساتی دروستکردووە”.
مێرکڵ خەمبارە کە پەتاکە بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتەکە زیاتر بڵاوبووەتەوە، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکان کرد رێکاری نوێ بۆ هێواشکردنەوەی شەپۆلی کۆرۆنا بگرنەبەر، ئێستا دۆخەکە لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکە رۆژانە ژمارەی ئەوانەی لە چاودێری چڕ دەخەوێنرێن زیاتر دەبێت.
تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە چوار ملیۆن و 900 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 97 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.