وەزیری پەروەردە: هیچ ئەگەرێک بۆ داخستنی قوتابخانەکان نیە

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لەکۆی 2 ملیۆن قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتەکەیان نزیکەی دو هەزار کەس توشی کۆرۆنا بون کە بەڕێژەی سەدی دەکاتە ژمارەیەکی کەم، بۆیە لەم کاتەدا هیچ ئەگەرێک بۆ داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی کۆرۆناوە نیە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە ئەگەری داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی کۆرۆناوە دەکەن، ئەوەش هیچ بنەمایەکی راستی نیە و هەر کاتێک ئامارەکانی توشبون گەیشتن بە ئاستێکی مەترسیدار و تەندروستی هەرێم پێشنیازی داخستنی قوتابخانەکانی کرد، ئەو کاتە قوتابخانەکان دادەخرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵ لەپۆلی 12ی ئامادەیی 126 هەزار کەس بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کرد، لەو ژمارەیەش 63 هەزار کەسیان دەرچون و 63 هەزار کەسی دیکەش بەشێوەی دەرەکی یان گەڕانەوە بۆ ناو پۆل دوبارە دەست بە خوێندن دەکەنەوە.

25ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2021-2022 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆی گشتیی دەرچوان کە لە وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراون 63 هەزار و 324 دەرچو بون، هەروەها کۆی گشتی پلانی وەرگرتن 45 هەزار و 218 قوتابیی بوە بەم شێوەیە، 26 هەزار و 33 قوتابی پلانی زانکۆ لاین، 10 هەزار و 834 قوتابی پلانی پارالێڵ و هەشت هەزار و 351 قوتابی پلانی ئێواران.

پەیوەندیدار