رۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا بڵاویکردەوە، باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە بە تۆمەتی ساختەکاری لە راپۆرتی پزیشکیدا سزای زیندانی دو ساڵ و نیوی بەسەردا سەپێندراوە و نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپاش رایگەیاند، “سزادانەکە بەهۆی هەڵەیەکی راپۆرتی پزیشکییەوە بوە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە”.
پارێزەرەکانی باشاک دەمیرتاشی تەمەن 44 ساڵان، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش رایانگەیاند، ئەو سزایەی بەسەر باشاکدا سەپێنراوە بەهۆی هەڵەوە بوە لە راپۆرتێکی پزیشکیدا کە لە ساڵی 2015 لەلایەن پزیشکێکی شاری دیاربەکرەوە نوسراوە.
ناچۆ سانچێز ئامۆر، نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی دەرکردنی سزای زیندانیکردن بۆ باشا دەمیرتاش رایگەیاند، “سزادانەکە بەهۆی هەڵەیەکی راپۆرتی پزیشکییەوە بوە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە
ئاماژەی بەوەشکردوە، “زیندانیکردنی بۆ دو ساڵ و نیو بەهۆی هەڵەیەکی نوسینەوە لە راپۆرتێکی پزیشکیدا شتێکی مەترسیدارە، ئەمە بابەتێکی سیاسییە و ئەمە پێوانەکردنی نیگەرانیە سەبارەت بە دۆخی دادوەری لە تورکیادا”.
باشاک دەمیرتاش لە ئێستادا ئازادە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکات، پارێزەرەکانیشی جەخت دەکەنەوە لەوەی کە هەڵەیەک لە نوسینی رۆژی راپۆرتەکەدا هەیە.
دەمیرتاش ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد بوەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەدوای قەدەغەکردنی دەتەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، ساڵی 2010 بوەتە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، دواتر بوە بەھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)
لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکراو تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە