شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ھەشت ھێرشیان بۆسەر حەشارگەکانی تیرۆریستانی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئاکامی ھێرشەکاندا، نۆ حەشارگەی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین خاپوورکراون.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ شەممە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجام دا.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە کە بە “سێگۆشەی مەرگ” ناودەبرێت.