وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی هاتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا هۆشداری دەدات، لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینیش لەلایەن هاولاتیانەوە نیگەرانی دەردەبڕێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، دۆخی توشبون لە وڵاتانی جیهان بەگشتی و لە وڵاتانی ئەوروپاش لە زیادبوندایە، عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش بەدوورنین لە زیادبوونی ژمارەی توشبوان وهاتنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن و هاتنی وەزری زستان و مەترسی گواستنەوە و بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای وەرزی و کەمی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لیژنە ڕاوێژکارییەکان و شارەزایانی وەزارەتەکە تێبینی ئەوەیانکردوە کە سەرەڕای ئەوەی ڤاکسینی پێویست دابینکراوە و تیمەکانی پێدانی ڤاکسینیش بەردەوام لە بەرفراوانبوندان، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڤاکسین وەردەگرن لە ئاستی پێویستدا نیە.