لەپێشبڕکێی دوو شۆفێر لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر یەکێکیان گیانی لەدەستدا

گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند لە ئەنجامی پێشبڕكێی دوو شۆفێر لەسەر بەشێکی تەواونەکراوی شەقامی 150 لە هەولێر شۆفێرێک گیان لەدەستدەدات و ئەوی دیکەشیان بە سەختی بریندار دەبێت.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 16-11-2021، راگەیاند: “کاژێر 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە شەقامی 150مەتری هەولێر شۆفێری دووئوتومبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پاسات و نیسان پێشبڕکێ دەکەن کاتێک دەگەنە کۆتایی بەشی یەکەمی تەواوکراوی شەقامەکە چەند تاسەیەکی پلاستیکی دێتە پێشیان کە ئاگادارکردنەوەی شۆفێران لە تەواونەبوونی شەقامەکە و کۆتاییەکەی دانراوە، کەچی ئەو دوو شۆفێرە تاسەکان بەخێرایی دەبڕن و شۆفێرەکان هەر ناوەستن، تاوەکو دەگەنە کۆمەڵێک پارچەی کۆنکریتی کە لەکۆتایی شەقامەکە دانراون بۆ ئەوەی شوفێران لە شەقام دەرنەچن، کەچی خۆیان بەو کۆنکرێتانەشدا دەکێشن”.

گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، گوتیشی: “بەداخەوە لە ئەنجامی رووداوەکە شوفێری نیسانەکە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی سووتا و گیانی لە دەستدا کەنزیکەی 100مەتر لە شەقام دەرچوو بوو و دوورکەوتبووەوە، شوفێری ئۆتۆمبێلی پاساتەکەش زۆر بەسەختی بریندار بوو کە ئۆتۆمبێلەکەی ئەویش لە شەقام دەرچوبوو و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوت”.

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەدا ئەوان رۆژانە دووبارەی دەکەنەوە کەوا شەقامە خێراکان بۆ پێشبڕکێ دروست نەکراون، بەڵکو بۆ گەیشتن بەزووتر و سەلامەتتر دروستکراون، کەچی کەس گوێیان لێناگرێت.

پەیوەندیدار