كۆچبەران لەجێهێشتنی نیشتیمان پەشیمان نین

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا تیشکی خستۆتەسەر هۆکارەکانی پشت سەرهەڵگرتنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان‌و بارودۆخی ئەو کۆچبەرانە لەسەر سنورەکانی نێوان بیلاڕوسیاو پۆڵەندا کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەو کۆچبەرانە سەرەڕای نالەباری بارودۆخەکە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەجێهێشتنی نیشتیمان پەشیمان نین.

ڕاپۆرتەکە بەناونیشانی “کارەکە شایانی ئەو هەموو ناڕەحەتییەیە؟” بڵاوکردۆتەوەو تێیدا چیرۆکی بەشێک لەکۆچبەرانی لەسەر سنوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای گێڕاوەتەوە، وەک ئەوەی یەکێک لەئافرەتە کۆچبەرەکان کە تەمەنی 26 ساڵە وتویه‌تی، لەگەڵ ئەو هەموو ناڕەحەتییەی لەکۆچەکەیاندا ڕوبەڕویان بۆتەوەو سێ منداڵی کچی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لەماوەی ڕابردوشدا شەش جار لەلایەن پۆلیسی پۆڵەندی‌و بیلاڕوسییەوە لەسەر سنور ئەمدیوەو دیوی پێکراوە، بەڵام هێشتا لەسەر جێهێشتنی وڵات پەشیمان نییە.

ژنه‌ کوردەكه‌ ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو ئێستا بیر لەئایندەی منداڵەکانی دەکاتەوە، لەبەرئەوەی دەزانێت خۆی‌و منداڵەکانی لەعێراق هیچ ئایندەیەکیان نابێت، ئاژانسەکەش دەڵێت ئەو ئافرەتە یەکێکە لەو هەزاران کۆچبەرە عێراقیانەی کە بەشی هەرە زۆریان کوردن‌و لەپێناو گەیشتن بەیەکێتیی ئەوروپا سەرکەشی بەژیانیانەوە دەکەن.

ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتەکەیدا قسەی چەند کۆچبەرێکی گواستۆتەوە کە وتویانە ئەوان ئامۆژگاریی گەنجانی عێراق دەکەن هەمان ئەزمونی ئەوان دوبارە بکەنەوەو بۆ دورکەوتنەوە لەوڵاتەکەیان بیر لەکۆچکردن بکەنەوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵیی‌و هەژاریی‌و نەبونی دەرفەتی کاردا لەدەستکەوتنی ژیانێکی شکۆمەندانە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان نائومێدبون.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، تاکە ڕێگا بۆ دوبارەنەبونەوەی دیمەنەکانی کۆچکردنی هەزاران عێراقیی بۆسەر سنورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بریتییە لەوەی حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان پلانێکی گشتگیر بۆ لەخۆگرتنی ئەو گەنجانە دابنێن کە بیر لەجێهێشتنی وڵاتەکەیان دەکەنەوەو ئامادەن لەپێناو دەستکەوتنی مافی پەنابەریی ئەزمونێکی تاڵ تاقیی بکەنەوە.

پەیوەندیدار