شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق رایگەیاند، سوپای عیراق بەرپرسی کارگێڕی ویلایەتی جەزیرەی رۆژئاوای نەینەوای رێکخراوی داعش دەستگیر کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، بە پشت بەستن بە زانیاری وردی ھەواڵگریی ھۆبەی ھەواڵگریی فیرقەی 15 لەبارەی بوونی دوو چەکدار لە ناوچەکانی گەڕەکی رەبیع و گوندی قادسیە لە ناحیەی زومار لە رۆژئاوای نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بەھەماھەنگی لەنێوان ھێزێکی فەوجی لیوای 73ی پیادە و ھەواڵگری سەربازیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە زومار ئەنجامدراوە و تیایدا ھەدوو چەکدارەکە دەستگیران کە یەکێکیان بەناو بەرپرسی کارگێڕیی ویلایەتی جەزیرە رۆژئاوای نەینەوا بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە چەکدارەکەی دیکە ئەندامێکی چالاک بووە لە ناو سەربازگەی گشتی داعش و ھەردوو دەستگیرکراوەکە بەپێی ماددەی چوار تیرۆر داواکراوبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی عیراق لە ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعش و کۆنتڕۆڵ کردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانییەوە ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەددین و پارێزگای دیالە، کە بە “سێگۆشەی مەرگ” ناودەبرێت