دوای سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەرپرسانی سەر بەئیدارەی خۆسەر دەڵێن، ئەمریکیهكان بەڵێنی پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستانیان لەبوارەکانی کشتوکاڵو ژێرخانی ئابوریی داوە، ئەوە جگە لەپاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکەو ڕێگرتن لەهەر هێرشێکی تورکیا بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئارام حەننا وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”ی ڕاگەیاندوە، “شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لەبەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەو ڕێگرتن لەهەر هێرشێکی سەربازیی نوێ بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کردۆتەوە”.
وهكو حهننا وتویهتی:”هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەریی گەورەی لەسەر هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعشو کۆتاییهێنان بەچالاکیی شانە نوستوەکانی ئەو گروپه تیرۆریستییە دەبێت”.
لهلایهكی دیكهوه سلێمان بارودۆ سەرۆکی دەستەی ئابورییو کشتوکاڵی ئیدارەی خۆسەر بەشەرقولئەوسەتی وتوە، “شاندە ئەمریکیەكه بەڵێنی پاڵپشتیی ئابوریان لەبوارەکانی کشتوکاڵو ژێرخانی ئابورییداوە”.
بارودۆ ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵێنەکانی ئەمریکا ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە ئەمریکا نیازی نییە هێزەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان بکێشێتەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە پێکهاتبون لەئیسان گۆڵدریچ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیکو چەند دیبلۆماتکارێکی وەزارەتی دەرەوەو ئەفسەرانی سوپای ئەمریکاو پسپۆڕانی بوارە ئابورییو تەندروستییەکان سەردانی سوریایان کردو لەبنکەی سەربازیی تەنەف کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی سەر بەئیدارەی خۆسەرو فەرماندەکانی سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدا.