زمانی كوردی هاوشان له‌گه‌ڵ زمانی فارسیدا له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌خوێنرێت

پەرلەمانی ئێران خوێندنی زمانی نەتەوەکانی ئێرانی لەقوتابخانەکان پەسەندکردو نوێنەری مەهاباد لەپه‌رله‌مانی ئێران ده‌ڵێن:”پڕۆژه‌ی خوێندنی زمانی کەمە نەتەوەکانی ئێرانی لەخوێندنگاو زانکۆکاندا پەسەندکردوە”.

جەلال مەحمود زادە نوێنەری شاری مهاباد لەپەڕلەمانی ئێران به‌ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانیی وتوه‌، “پڕۆژه‌ی جێبەجێکردنی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ئێران (دەستور) سەبارەت بەفێرکاری زمانی ئێتنیکەکان لەقوتابخانەو زانکۆکانی وڵات پەسندکراوه‌”.

وتوشیه‌تی:”لەپێناو جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا، دەوڵەت دەبێ سیستەمی فێرکاری زمان‌و ئەدەبیات بەزمانی کەمینەکان لەڕێگای وەزارەتی فێرکاری‌و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە جێبەجێبکات”.

بەوتەی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی شاری مهاباد، “جێبەجێکردنی تەواوی مادەی 15ی یاسای بنەڕه‌تی هەنگاوێکی پتەوو بنەڕەتییەو بەیەکێک لەگرینگترین داواکارییەکانی کەمە نەتەوەکانی ئێرانه‌”.

لەمادەی ١٥ی دەستوری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتوە، زمانی فەرمی وڵات فارسییە، بەڵام هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەو مافەیان هەیە لەتەنیشت زمانی فارسیدا، زمانی دایکیان لەمیدیاو ڕاگەیاندن‌و بواری پەروەردەدا بەکاربێنن.

به‌وپێیه‌ش له‌مه‌ودوا زمانی كوردیش هاوشان له‌گه‌ڵ زمانی فارسیدا له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌كارده‌هێنرێت‌و پێی ده‌خوێنرێت.

پەیوەندیدار