كاتێ‌ نه‌وت سته‌مكاری دروستده‌كات

لەتیف فاتیح

نه‌وت گه‌وره‌ترین ته‌ڵه‌ی دروستكردنی سته‌مكاری و هه‌روه‌ها مافیاگه‌ریه‌ ، له‌ ناو نه‌زانی سیاسیدا ده‌بێت زۆر له‌ بوونی نه‌وت بترسین ، چونكه‌ ده‌شێت ئه‌وه‌ی هه‌شمانبێت له‌ ده‌ستی بده‌ین ،مافیاكانی نه‌وت زۆر به‌ ئاسانی دزه‌ ده‌كه‌نه‌ نێو ئاوه‌زو ئاكاری سیاسیه‌كانه‌وه‌و له‌ خشته‌یان ده‌به‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی سیاسیه‌به‌ بۆنی نه‌وت كه‌وتوه‌كان هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر راسته‌رێیه‌كه‌، لێره‌وه‌ نه‌وت ده‌بێته‌ هۆیه‌ك بۆ دروستكردن و سه‌رهه‌ڵدانی سته‌مكاری ، كاتێك كه‌ سیاسیه‌كان پشت ده‌كه‌نه‌ ئاوه‌زو ئاكار ئیدی سته‌مكاری ده‌بێته‌ ته‌نها رێگه‌ی مانه‌وه‌ یان ، بۆ ئاوه‌ژوكردنه‌وه‌ی سته‌مكاری و نیشاندانی وێنه‌كه‌ به‌ جۆرێكی تر واته‌ بۆ ماكیاژكردنه‌وه‌ی خۆیان ره‌وایه‌تی به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌ده‌ن ، مافیاكانی نه‌وت په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌رهه‌موو رێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌ندار تر بن له‌ ته‌مه‌نی ئاسای خۆیان .

نه‌وتجۆرێك له‌ مافیای سته‌مكار به‌رهه‌مدێنێت كه‌ پێویسته‌ ، سوپای ده‌ستوه‌شێن و میدیای زه‌به‌لاح و ده‌زگای چاودێری هه‌بێت به‌سه‌ر تاك به‌ تاكی كۆمه‌ڵه‌وه‌ ، وێڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌و جۆره‌ له‌ سته‌مكار ده‌یه‌وێت هه‌موو ئیشه‌كان له‌ ده‌ستی خۆیدا بن ، بواری هه‌ناسه‌ بۆ ده‌ست و پێوه‌ند و هاوپه‌یمانه‌كانیشی ناهێڵێته‌وه‌ ، ئه‌و كارێك ده‌كات هه‌رچی جم و جۆڵێك ته‌نانه‌ت دروستكردنی باخچه‌یه‌كی بچوكیش وا وێنا بكرێت كه‌ ئه‌و پێی هه‌ستاوه‌ ، بواری ئه‌وه‌ بۆ جێگرو وه‌زیرو گزیر ناهێڵێته‌وه‌ به‌ كارێك هه‌ستن وه‌ك ده‌وڵه‌ت منمه‌كه‌ی لویس ، ئه‌ویش ده‌ڵێت حكومه‌ت و هه‌موو شت منم ، به‌مجۆره‌ ئیدی دیموكراسی به‌و جۆره‌ی ویستی ئه‌وه‌ دروستده‌كرێت و ده‌كرێته‌ مه‌كره‌مه‌و دیاری سه‌رۆكیش .

نه‌وت ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ جیاوازی له‌ نێوان ئه‌مڕۆو سبه‌ینێدا له‌ رووی باشتر بوونه‌وه‌ دروستبكات ، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تیه‌كی گه‌وره‌ چونكه‌هه‌م په‌تاو برسێتی و جیاوازی قوڵی چینایه‌تی دروستده‌كات ، هه‌م دیكتاتۆرو فه‌رخه‌كانی ، دۆخێكیش ده‌ئه‌فرێنێت كه‌ بواری وه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سته‌مكار نامێنێته‌وه‌ ، یانی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بۆنی نه‌وت و پاره‌ی نه‌وت كه‌وته‌ به‌رده‌سته‌ سته‌مكارو گروپه‌كه‌ی ده‌وری ، ئیتر ئاوه‌زو ئاكاری سیاسی بونیان نامێنێت و سته‌مكاری له‌ نێو به‌هه‌شتی درۆزنانه‌ی خۆیدا دۆزه‌خێك بۆ ئه‌وانی تر ، بۆ گشته‌ خه‌ڵك چێ‌ ده‌كات ، ئه‌گه‌ر چی چه‌مكی باوكایه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتا ، چه‌مكێكی ناشرینه‌ ، به‌ڵام له‌ دۆخی سته‌مكاریدا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زڕ باوكه‌ ، زڕباوكێك مافی كوشتن و بڕین و تاڵانكردن و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و هه‌موو شت به‌ خۆی ده‌دا ، ئه‌و خۆی لێده‌بێته‌ نوێنه‌ری گشت و پێی وایه‌ قسه‌كردنی ئه‌و هه‌نگاو نانی ئه‌و قسه‌كردن و هه‌نگاو نانی گشته‌ .

بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت نه‌بێته‌ هۆیه‌ك بۆ دروستكردنی ئه‌و سته‌مكاریه‌ ، ده‌بێت خاوه‌ندارێتی نه‌وت له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌سیه‌وه‌ بگێڕینه‌وه‌ بۆ مافی گشتی ، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پته‌و كردنی پایه‌كانی دیموكراسی ، جگه‌ له‌ دروستكردنی هۆشیاری بۆ گه‌شه‌كردنی رای گشتی ، بوونی پارله‌مانێكی كاراو ده‌ركردنی یاسای تایبه‌ت به‌ خاوه‌ندارێتی نه‌وت و پشكی نه‌وه‌كانی ئێستاو ئاینده‌ له‌و سامانه‌دا گرنگه‌ ، وه‌ك چۆن ده‌بێت نه‌وت بخرێته‌ چوار چێوه‌ی كۆمپانیایه‌كی نیشتمانی رونكاره‌وه‌و داتاو ژماره‌و داهات و خه‌رجیه‌كان رۆژانه‌و مانگانه‌ راستگۆیانه‌ بخاته‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی دارایی و رای گشتی .

نه‌وتی كوردستان و ده‌رهێنانی نه‌وتی كوردستان له‌و دۆخه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ ده‌ر نیه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان كێشه‌یه‌كی تریشی هه‌یه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ نه‌وتی كوردستان جگه‌ له‌ حزبێنراوی كه‌سێنراویشه‌ ، ئه‌مه‌ دانپیانانی كاره‌كته‌رو كارداره‌كانی نێو ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ك قسه‌ی ئێمه‌ ، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وتی كوردستان جۆرێك له‌ خاوه‌ندارێتی بۆ په‌یدا بووه‌ ، كه‌ وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی خۆیی مامه‌ڵه‌ی له‌ ته‌كا ده‌كرێت، مامه‌ڵه‌ی خۆیی له‌ نێوان حزب و كه‌سه‌كانی حزبدا ، چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ پێویستی به‌ شۆڕش و بوێریه‌ ، یانی شۆڕشی چاكسازی و بوێری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ست و په‌یماننامانه‌ی نه‌وتی كوردستانی ته‌فرو تونا كردووه‌و له‌ بری ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ ببێته‌ هۆیه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی گشتی بووه‌ به‌ مایه‌ی قه‌رزو بارگرانی گشتی و له‌ولاشه‌وه‌ ده‌سته‌ بژێرێكی  ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نهه‌موو شتی شتی دروستكردووه‌ ، كه‌ له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بن یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ك كۆڵبه‌نكیان پشك و به‌شی خۆیان هه‌یه‌، به‌ و جیاوازیه‌وه‌ كه‌ كۆڵبه‌نكیان پشكێكی كه‌م و ئه‌مان پشكێكی زۆریان هه‌یه‌ .

پەیوەندیدار