ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن مامۆستایانەوە سەرەتای مانگی داهاتووە و دوای ئەو بەروارە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاكان دەتوانن رێوشوێن بگرنەبەر.
ئالان حەمە سەعید لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسیان وتی، ڤاكسین بۆ مامۆستایان دابینكراوە، دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی بەپێی ئەو بڕیارەی كە لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆناوە دراوە 1ی 12ی ئەمساڵە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای ئەو بەروارەوە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاكان دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەرامبەر ئەو مامۆستایانە بەكاربهێنن كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.
سەبارەت بە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ وتی، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رێنماییان دەركردووە كە دنیابینی و پێشبینی حكومەتە بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی وانەبێژان بەرەو باشتر ببەن، ئێستا مامۆستایانی گرێبەستیان نەماوە و تەنها وانەبێژ و میلاكیان ماوە و كۆمەڵێك پێوەری نوێش بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دانراوە.