کۆمپانیای فایزەر حەبێکی دروستکردووە کۆتایی بە کۆرۆنا دێنێت

کۆمپانیای فایزەر حەبێکی دروستکردووە، کە بە گوتەی خۆی کۆتایی بە کۆرۆنا دێنێت. کۆمپانیا دەرمانسازە ئەمریکییەکە دەڵێت، حەبە نوێیەکەیان وادەکات مردن و نەخۆشکەوتنی سەخت بەهۆی کۆرۆنا، بە رێژەی 90٪ کەمبێتەوە.

حەبەکە کە ناوی پاکسلۆڤیدە، بۆ ئەو کەسانە دروستکراوە، کە تازە تووشی کۆرۆنا بوون و هێشتا نەخۆشییەکە لەسەریان قورس نەبووە.

هێرفەی فورهوسل، گوتەبێژی UNITAID دەڵێت: “ئەوە چارەسەرێکە زیاتر بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت کە لە مەترسیدان. واتە چارەسەرێک نییە هەموو کەسێک بیخوات. با چاوەڕێی رێنماییەکان بکەین لە هەفتە یان مانگەکانی داهاتوو لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی بۆ جەستە جیاجیاکان”.

هێرفەی فورهوسل هەروەها دەڵێت: “ئێمە پێمانوایە حەبەکە تەنیا بۆ ئەوانە بەکاردێت کە لە مەترسیدان. ئامانج لێی ئەوەیە کە پێویست بە گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە نەکات یان نەخۆشی زۆر سەختمان نەبێت. واتە چەند رۆژێک دوای تووشبوونت چارەسەرەکە دەخۆی، یاخود 3 رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان.”

ئەو کۆمپانیایە کە ساڵی رابردوو ڤاکسینێکی دژە کۆرۆناشی دروستکرد، رێککەوتنێکی لەگەڵ گرووپێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکەی دەرمانیش بتوانن حەبەکەی دروستبکەن بۆ ئەوەی لە زۆربەی بەشەکانی جیهان، بە ئاسانی دەستبکەوێت.

هێرفەی فورهوسل: “بەگوێرەی مەرجەکانی مۆڵەتی سەرەکیی رێککەوتنی نێوان فایزەر و کۆمەڵەی پاراستنی مافی داهێنان، چەند کۆمپانیایێکی دەرمانسازی هەڵبژێردراو لە سەرانسەری جیهان کە مۆڵەتیان پێدەدرێت، توانای ئەوەیان دەبێت حەبەکە بۆ 95 وڵات دروستبکەن، بەوەش بەشی نزیکەی 53٪ی دانیشتووانی جیهان دابیندەکەن.”

کۆمپانیای فایزەر داوای لە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کردووە، مۆڵەتی بەکارهێنانی حەبەکەی پێبدات.
ئیدارەی جۆ بایدنیش نیازی وایە بایی 5 ملیار دۆلار لەو حەبە بۆ 10 ملیۆن کەس بکڕێت.

پەیوەندیدار