عێراق: وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا درێژ نەکراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە ماوەی مانەوە بۆ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق درێژکرابێتەوە، جەختیشدەکاتەوە هەماهەنگییەکانی بەغداد و واشنتۆن بەردەوامیان دەبێت.

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاندوە، ئەو هەواڵانەی باس لە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق درورن لە راستیەوە، چونکە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا دەکشێنەوە، کە کۆتایی ئەمساڵە و گۆڕانکاری لەکاتەکەیدا نەکراوە.

خەفاجی دوپاتیشکردوە، دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پەیوەندیی و هەماهەنگی واشنتن و بەغدا بەردەوام دەبێت بە تایبەت لە بواری راهێنان و پڕچەک کردنی هێزەکانی عێراق، جگلەوەی لە بواری هەواڵگری هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت ئەوەش بە ئامانجی چاودێریکردن و ئاشکراکردنی شوێنی چەکدارانی داعش.

پێشتر وتەبێژێک بە ناوی هێزە هاوبەشەکان ‌و بەڕێوەبەری کاروباری گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندبوو: رۆڵی هاوپەیمانان لە پشتیوانیی عێراق، نەک کۆتایی نایەت، بەڵکو گۆرانکاریشی بەسەردا نایەت لەبارەی هاوکاریکردنی وڵاتەکەوە.
ئاماژەی بەوەیش کرد بوو، لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، رۆڵیان دەبێت بە هاوکاری ‌و راوێژکاریی بۆ حکومەتی بەغدا.

تا ئیستا نزیکەی سێ هەزار ‌و 500 سەربازی بیانی لە عێراق ماون کە دو هەزار ‌و 500 کەسیان ئەمریکین ‌و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە.

پەیوەندیدار