لە لیبیا خۆپیشاندان دژی خۆ کاندیکردنی سەیفولئیسلام و حەفتەر بەڕێوەچو

سەدان هاوڵاتی لیبی لە شارەکانی تەرابلوس و میسراتە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی کاندیدکردنی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی سەرۆکی کۆچکردوی موعەممەر قەزافی و خەلیفە حەفتەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەدا.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، خۆپیشاندەران وێنەی هەریەکە لە سەیفولئیسلام قەزافی و خەلیفە حەفتەریان بەرزکردبوەوە و دژایەتی خۆیان بۆ کاندیدکردنیان دەربڕی، ئەوەش دوای ئەوەی 16ی ئەم مانگە، خەلیفە حەفتەر کاندیدبونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاند، کە بڕیارە مانگی (کانونی یەکەم/12) بەڕێوەبچێت، دو ڕۆژ پاش ئەوەی سیفولئیسلام قەزافی فایلی کاندیدکردنی خۆی پێشکەش کرد.

بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە لیبیا لەکاتێکدایە ماوەی چەند ساڵێکە شەڕو پێکدادان لەناوی وڵاتەکەدا بەردەوامی هەیە، خالید ئەلمەشری، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.

ئەو لەنێو ئەو کەسانەدا بو کە یاسای هەڵبژاردنەکەی رەتکردەوە و لە 24ی کانونی یەکەم پرسیاری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کرد، کە لە نەخشەڕێگایەک بو بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دانرابو.

مەشری نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن تا 15ی (شوبات/2)ی 2022.

پەرلەمانی لیبیا بڕیاریداوە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جیابکرێتەوە کە بڕیارە لە24ی کانونی یەکەم بەڕێوەبچێت لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنە یاساییەی کە بڕیارە مانگێک دواتر بەڕێوەبچێت.

پەیوەندیدار