وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت: پشتیوانی وڵاتەکەمان بۆ عێراق بەردەوام دەبێت و دژی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە سەروەری ئەو وڵاتە پێشێل بکات.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە لەبەردەم سەرکردەکانی جیهاندا رایگەیاند،”لەگەڵ هاوبەشانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی تیرۆر تا دڵنیابین داعش سەرهەڵناداتەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئازادی ئاسایشی گەڕان لە نێو دەریادا لە ناوچەکەدا، هەروەها بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆرسەرەڕای ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەکانمان لە ئەفغانستان ئەنجامماندا”.
هۆشداریشیدایە ئەوانەی هەوڵدەدەن سەروەریی عێراق پێشێل بکەن رایگەیاند: “پشتیوانیی لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەکەین و دژی هەر هەوڵێکیش دەوەستینەوە پێشێلی بکات”.
لەبەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە ئێران، ئۆستن رایگەیاند: “دەمانەوێت ئازادی سووڕانەوەی نێو دەریا لەو ناوچەیە دابین بکەین، پشتیوانی لە خەڵکی لوبنانیش دەکەین، ئەوەش مانای پاراستنی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش و پاراستنی دۆستانمانە، مانای پاراستنی بەها دیموکراسییەکانە و هیواخوازین گۆڕانکاری خێرا لەوبارەوە ببینین”.
وتیشی، ئەمریكا پابەندە بە روبەڕوبونەوەی ئێران، لەگەڵ ئەوەی واشنتن هەوڵ دەدات بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران.