وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کۆتایی ئەمساڵ ئەرکە جەنگییەکان لە عێراق کۆتایی دێت و سەربازەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.
جۆن کیربی وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لەگەڵ جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق لە بەحرەین کۆبۆتەوە و پێی رایگەیاندووە کە کۆتایی ئەمساڵ ئەرکە جەنگییەکاینان لە عێراق کۆتایی دێت.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ھێزەکانیان لەسەر داواکاری حکومەت لە عێراق دەمێنێتەوەو ھاوکاری پێشکەشی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.
هەروەها وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردوەتەوە کە پابەندیشن بە ئەنجامکانی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
پێشتریش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەربازە شەڕکەرەکانیان لە عێراق دەکشێننەو چیتر سەربازەکانیان لە هیچ وڵاتێک بێ هۆ ناهێڵنەوە، بەڵام جەختیشیکردەوە هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە ئەوا سەربازەکانیان رەوانەی ئەو شوێنە دەکەنەوە.
هاوکات لە ئێستادا چەند لایەنێکی سیاسی شیعە لە عێراق و گروپە میلیشیاکان هەڕەشەی بەرپاکردنی شەڕێکی گەورە دەکەن لەدژی ئەمریکا ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ نەکشێنەوە.