بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، جەختدەکاتەوە”وڵاتەکەی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ناچێتە دەرەوە”.
برێت مەکگۆرەک بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی دیالۆگی مەنامەدا لەسەر دۆسێی ئێران و بەرنامە ناوەکییەکەی و دانوستاندنەکان بۆ گەڕاندنەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە رایگەیاند، واشنتۆن بۆ دۆسێی دانوستاندن کراوەیە لەسەر پرسە جیاوازەکان، سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران ڕونە و تاران نەیارێکی ئاشکرایە “دەڕوانینە ئەوەی ئێران چی دەخاتە سەر مێزی دانوستاندن لە ڤییەننا و هێشتاش پێمان وایە میکانیزمی دیپلۆماسی ڕێگە نمونەییەکەیە”.
سەبارەت بە عێراق برێت مەکگۆرک باسی لەوەکرد، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری خاکی عێراق دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە ڕاھێنان بە سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، ھەر لە وتارەکەیدا مەکگۆرک نیگەرانی ئەمریکای خستەڕوو سەبارە بە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و وتی، جگە لە ڕێگەی دیپلۆماسی ڕێگەی تر کراوەیە لە بەردەممان. جەختیشیکردەوە ئێران دوژمی ئەمریکایە و دەیانەوێت ئازادی بگەڕێننەوە بۆ ئێرانییەکان.
وتیشی، بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن لەوەتای دەستبەکاربووە، هیچ سزایەکی لەسەر ئێران هەڵنەگرتووە، وەک دەڵێت “پێویستە لەسەر ئێرانییەکان وابەستەی بەندەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە بن و ئەو ڕێککەوتنەش هەرچییەکی لەسەر بگوترێت کە کێشەی تیادایە، بەڵام سنورێکی بۆ بەرنامە ناوکییەکەی ئێران داناوە و تەنها ڕێگەیەکیشە بۆ سوک کردنی سزاکان و ئەمەریکاش وابەستەیە پێوەی”.
بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی وڵاتەکەی “ڕێوشوێنی گونجاو” دەگرێتەبەر، ئەگەر لەگەڵ ئێراندا نەگەیشتنە ڕێککەوتن لە گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ڤییەننادا، کە بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە لە پایتەختی نەمسا دەستپێبکاتەوە.
مەکگۆرک داواش دەکات، ئاستی ئەو ئاڵۆزی و پشێویانەی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا هەن، کەمبکرێنەوە و دەڵێت “ڕاناکێشرێینە ناو شەڕ لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە ئێرانن و ئێرانیش ئەو ڕاستییە دەزانێت، ئێمە گەلی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان دەپارێزین و بەبێ هیچ دوو دڵییەک ئەو کارە دەکەین ئەگەر پێویست بکات، پەیامەکەشم بۆ هەموو نەیاران ئەوەیە، هیچ گرەوێک لەسەر دژایەتی ئەمەریکا مەکەن”.
دەشڵێت: “زۆر جار پرسیارم لێکراوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە دەرێ یان نا؟ هەربۆیە ڕێگەم بدەن بە ڕونی و ئاشکرایی بڵێم، ئەمەریکا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات”.