كه‌ركوك‌و ئێمه‌ی كه‌ركوك‌و ئه‌رشه‌د ساڵحی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هه‌ر به‌ڕاستی كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌ تا له‌سه‌رده‌ستی هه‌ندێك هه‌رزه‌ی سیاسی به‌ده‌ردی ساڵی 1959 نه‌چێت‌و كوردو توركمان نه‌كرێن به‌گژ یه‌كترا، كه‌ركوك ئه‌مانه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوی توشی شه‌ڕو بشێوی نه‌بن، چه‌ند ناشرینه‌ كه‌سێك خۆی له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا بێت‌و بیه‌وێت مناڵی ره‌ش‌و ڕوتی نیشتمان بكات به‌گژ یه‌كترا، چه‌ند ناشرینه‌ مرۆڤ هێنده‌ شۆڤێنی بێت جیاوازی‌و دیرۆك‌و هه‌قیقه‌ت نه‌بینێ‌، له‌نێوان قسه‌كه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی‌و خڵوسی ئاكاردا هه‌فته‌یه‌ك تێنه‌په‌ڕیوه‌، تۆ بڵێیت ئه‌م “كارداشانه‌” بۆ وابكه‌ن، ما خۆ ئێمه‌ نه‌وت‌و خاك‌و ئازادی سیاسی‌و هه‌موو شتمان پێشكه‌شكردون هێشتا داوای زیاتر ده‌كه‌ن.

ئێ‌ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رچی ڕووبدات ئه‌رشه‌د خوێن له‌په‌نجه‌ی نایه‌ت ئیدی چ ده‌بێت بۆ ئه‌و كێشه‌ نییه‌، ساڵی 2008 هه‌وڵێكی زۆر هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌ركوك كوردو توركمان بكه‌ن به‌گژ یه‌كتردا بۆ ئه‌وه‌ میتیش له‌سه‌ر هێڵ بوون، دوو هه‌رزه‌كاری كورد یه‌كی به‌چه‌كه‌ شڕێك‌و یه‌ك فیشه‌كچنه‌وه‌ به‌ره‌و موسه‌ڵا هه‌ناسه‌ بڕكێیان بوو، ڕێم پێگرتن‌و وتم ئه‌وه‌ بۆ كوێ‌، وتیان شه‌ڕی كوردو توركمانه‌ دامنان‌و به‌قسه‌ی خۆش خاومكردنه‌وه‌، دیاربوو بۆ كوشتن هاندرابوون، ئێ‌ له‌كوردیشا بیركه‌ره‌وه‌ی وه‌ك كاكه‌م ئه‌رشه‌د هه‌یه‌، كه‌ من دڵنیام ئه‌گه‌ر پشكنینی “دی ئێن ئه‌ی” بكات توركمانه‌ كورد ده‌رده‌چێت، سه‌یره‌ خڵوسی ئاكار ده‌ڵێت كوردستان نییه‌و ئه‌رشه‌ده‌كه‌ش كه‌ركوك به‌ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتورك ده‌زانێت، لیره‌ی توركیش شڵپ‌و شۆی ده‌رچوه‌.

من ئه‌وه‌م پێخه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد وه‌ڵامی له‌سه‌ر خۆو ئاوه‌زیانه‌ی ئه‌مانه‌ ناده‌نه‌وه‌، له‌كاتێكا بێده‌نگبوون لێیان خوێندنه‌وه‌ی ترس‌و لاره‌ خواری‌و بێشكۆیی لێدێت، ده‌كرێت ئاوه‌زیانه‌ وه‌ڵامبده‌نه‌وه‌و له‌دنیاشدا ئه‌و ئاوه‌زه‌ شۆڤێنیه‌ له‌قاو بده‌ن، چونكه‌ ئه‌رشه‌دیش‌و  ئاكاریش بۆ كاردانه‌وه‌ی ده‌ره‌كی‌و بۆ له‌ژێدانی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و خۆیان هه‌قیقه‌ته‌كه‌ له‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن، به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لۆژیكی‌و ده‌مكوتكردنی ئاوه‌زی شۆڤێنیانه‌ كابه‌ كه‌چ نابێت، ناكرێت به‌بیانوی “خۆمان به‌تڕبه‌نین” هه‌روا كه‌چ‌و كه‌وی دانیشین.

ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، بریتیه‌ له‌شارێك چوارپێنج نه‌ته‌وه‌، چوار پێنج زمان، چوار پێنج ئاینزاو گۆرانی‌و شیعرو میوزیك‌و هونه‌ری هه‌مه‌چه‌شن‌و هه‌مه‌جۆری تیایه‌، شارێكه‌ له‌ڕابردودا به‌دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌وترا چوار مه‌وج، شارێك دیرۆك‌و جوانی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و هاوبه‌شی خه‌م‌و خۆشی یه‌كتری تیایه‌، ئه‌و كه‌ركوكه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت زۆر جیاوازه‌ له‌و كه‌ركوكه‌ی ئه‌رشه‌د ساڵحی خه‌وی پێوه‌ ده‌بینێ‌، ئه‌و كه‌ركوكی ململانێ‌‌و شه‌ڕو ئاژاوه‌ی ده‌وێت، ئێمه‌ش كه‌ركوكی ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان، لای ئێمه‌ كه‌ركوك موڵك‌و  ئه‌مانه‌تی كه‌س نییه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌بێت، لای ساڵحی ئه‌مانه‌تی ئه‌تاتوركه‌، ئه‌و پیاوه‌ی جوانترین شاعیری تورك ئاماده‌نه‌بوو له‌سایه‌ی ئه‌ودا بمرێت‌و له‌مۆسكۆو له‌تاراوگه‌ سه‌ری نایه‌وه‌، ئه‌تاتورك بسته‌ گۆڕێكی به‌نازم حیكمه‌ت ڕه‌وا نه‌بینێ، بیرو بۆچون‌و فه‌لسه‌فه‌ی تاریكی ئه‌تاتورك بوو به‌هۆكاری كۆچ‌و له‌تاراوگه‌ مردنی جوانخاسی وه‌ك ئه‌حمه‌د قایه‌، یه‌ڵماز گوینه‌ی‌و زۆری تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تی ئه‌و بێت به‌ر له‌هه‌ركه‌س ئه‌رشه‌د ساڵحی ناتوانێ‌ تیا پشوو بدات‌و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات، چونكه‌ هیچ توركمانێكی كه‌ركوكلی ئه‌و شه‌كر شكاندنه‌ له‌ساڵحی قه‌بوڵناكات‌و به‌ر له‌كوردو ئه‌وانی تر پێی ده‌ڵێن “ئه‌نكه‌ره‌ نیوه‌ی ڕێگات بێت”.

پەیوەندیدار