خوێندکاران: دەمانەوێت شکۆ بۆ زانکۆ بگەڕێنینەوە

خوێندکارانی خۆپیشاندەری زانکۆی سلێمانی رایدەگەیەنن کە خۆپیشاندانەکەیان تەنها بۆ دەرماڵە نیە، بەڵکو دەیانەوێت شکۆ بۆ زانکۆ بگەڕێننەوە و حزب لە زانکۆ دەربکەن.

لە بەیاننامەیەکدا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی رایانگەیاندوە، ئەو خۆپیشاندانە رێکخە ر و نوێنەری نیە، بەڵکوهەموومان نوێنەرین، قبوڵیشمان نیە هیچ کەس و حزب و رێکخراو و خۆی بکاتە پاڵەوانی مەیدانەکە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردوە، کە دەرماڵە دواین شتە کە ئەوان داوای دەکەن، جەختیشیان کردوەتەوە کە خۆپیشاندانەکە بۆ گەڕانەوەی شکۆیە بۆ زانکۆ و خوێندکاری زانکۆ، ئەوەش لە رێگەی دەرکردنی حزب لە زانکۆ.
راشیگەیاندوە، کە دەیانەوێت حزب زانکۆ چۆڵ بکات.

ئاماژەیان بەچەند حاڵەتێکی دەستێوەردانی حزبی لە زانکۆ کردوە و رایانگەیاندوە، خوێندکار خۆی ماندوو دەکات بۆ ئەوەی لە خوێندکارە یەکەمەکان بێت، کەچی لە کۆتاییدا حزب یەکەمەکان دیاری دەکات، خوێندکار بەهۆی چەند پۆینتێکە لەبەشێک وەرناگیرێت، بەڵام کەسی حزبی بە جیاواازی چەندین نمرە لەهەمان بەش وەردەگیرێت، بۆخوێندنی ماستەر و دکتۆرا ئەولەویەت بۆ خوێندکارە حزبیەکانە.

لەبەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی وەڵامی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی سلێمانیان داوەتەوە، لەبارەی بوونی خەڵکی دیکە لەناو خۆپیشاندانی خوێندکاراندا و رایانگەیاندوە، ئەوە کچە خوێندکارەی کە سەری بە (10) تەقەڵ دورایەوە سەرەرۆ و رێگر بوو؟ ئەو خوێندکارەی دوێنێ بۆماوەی نیو سەعات لێی درا سەرەڕۆ بوو؟ ئەو خوێنکارانەی بەهۆی بەرکەوتنی گازی فرمێسک رێژ تەندروستان تێکچوو سەرەڕۆ و چەقۆ کێش بوون؟ ئەگەر بە قسەی ئێوە بێت گشتمان سەرەرۆ و چەقۆ کێشین.

خوێندکارانی زانکۆ بەرپرسیارێتی ئازاردانی هەر خوێندکارێکیان خستوەتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و رایانگەیاندوە، قبوڵی ناکەن گازی فرمێسک رێژ و داری کارەبای لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاربهێنرێت.

پەیوەندیدار