سەرۆکی پارتی ئایندە، رەخنەی تووند لە قسەکانی ئەردۆغان گرت، لەبارەی هۆکاری لە دەستدانی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە گوتبووی شەڕێکی ئابووری لە دژی تورکیا دەکرێت. ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: “ئەردۆغان و باخچەلی تورکیایان مایەپووچ کرد”.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە هەژماری خۆی لە تویتەر، لەبارەی ئەو بەشەی قسەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، کە گوتبووی “پلان و یاریی ئابووری لە دژی تورکیا دەکرێت و ئەنقەرەش رێگەی بەرەنگاربوونەوەی لەدژی ئەو یارییە هەڵبژاردووە” تویتێکی کرد و تێیدا نووسیوویەتی: “ئەردۆغان و باخچەلی وڵاتیان مایەپووچ کرد و بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و پاراستنی کورسیی و بەرژەوەندییەکانیان، ناوی شکست و مایەپووچی سیاسیی و ئابوورییان بۆ شەڕی رزگاریی ئابووری گۆڕیوە، بەڵام وانییە”.
داودئۆغڵو لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: “دوای هەر گوتارێکی ئەردۆغان، دۆلار دەفڕێت. قسەکانی ئەردۆغان وەک مووشەکێک کاریگەری نەرێنی بەسەر بازاڕەکانەوە دەبێت. لۆبی نەفامەکان ئیدی بووەتە کێشەی ئاسایشی نیشتمانی”.
دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رۆژی دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا ئەم دۆخەی بە “شەڕی رزگاریی ئابووری” ناوبرد و دڵنیایی دایە گەلی تورکیا لەوەی بە “سەرکەوتوویی” لێی دەردەچن.
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینێکی خێرادایە و رۆژانە ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆماردەکات. ئەم دۆخە وایکردووە ئۆپۆزیسیۆن گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت دروستبکات، بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن تورکیا بەمجۆرە بەڕێوەناچێت و هەرچی زووە پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی پێداگرن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، کە حوزەیرانی 2023’یە