شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان لەمۆسکۆیە

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی “مەیادین”ی نزیک لەڕژێمی سوریا پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی میدیایی بەستوە ئاشکرایکردوە، شاندێکی سەر بەئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بەسەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن‌و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا دەربارەی دوبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ڕژێمی سوریا گەیشتۆتە مۆسکۆ.

پێگەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەڕۆژی یەکەشەممەوە شاندەکەی مەسەدە گەیشتونەتە مۆسکۆ، وابڕیاریشە چاویان بەسێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بکەوێت‌و لەگەڵیدا باس لەدۆسیەکانی پەیوەست بەسوریا وەک هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و میکانیزمەکانی کاراکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بکرێت.

سەبارەت بەو بابەتەش تائێستا هچکام لەئەنجومەنی سوریای دیموکرات‌و وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕونکردنەوەیان نەداوەو هەواڵەکەیان پشتڕاست یان ڕەتنەکردۆتەوە.

لەماوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئیلهام ئەحمەد لەمیانی بەشداریکردن لەدیدارێکدا کە بۆ ڕۆشنبیرانی شاری ڕەققە لەڕۆژئاوای کوردستان سازکرابوو ئاشکرایکرد، دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا بێئەنجامبون.

جەختیشیکردەوە، ڕازیبوونیان بەدانوستان مانای ڕادەستکردنی هیچ ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕژێم نییە.

پەیوەندیدار