هەفتەی داهاتوو دەست بە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەکرێت

سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ەوە، واتە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بەتاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێنماییەکانی دەرکردووە.

لوقمان وەردی، سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” دوای هەموارکردنی یاسای ژمارە 3ی خانووە زێدەڕۆ و بێ تاپۆکانی ساڵی 2019 و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، بڕیارە رۆژی 1-12-2021، یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردن و لەو رۆژەوە شارەوانییەکان دەتوانن دەست بە وەرگرتنی داواکارییەکانی خاوەنی ئەو خانووانە بکەن بەمەبەستی تاپۆکردنیان لەنزیکترین کاتدا”.

لوقمان وەردی گوتیشی: “بڕیارە لەماوەی سێ ساڵدا سەرجەم خانووە زێدەڕۆ بێ تاپۆکان کە یاساکە دەیانگرێتەوە تاپۆ بکرێن، ژمارەی ئەو کەسانەشی لەم یاسا و لە تاپۆکردنی خانووەکانیان سوودمەنددەبن لەنێوان 300 بۆ 350 هەزار خاوەن خانوو دەبن”

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە هاونیشتیمانیان یەکساڵییان لەبەردەستە بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بۆ تاپۆکردنی زەوییەکانییان پێشکەش بکەن.

لوقمان وەردی، سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەخزمەتگوزارییەکانی ئەو گەڕەکانەی ئەو زەویانەیان تێدایە، گوتی: “بەپێی ئەوەی یاساکە دیاریکردووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکان رێژەی 5٪ی نرخی ئەو زەوییانەی خانووەکانیان لەسەر تاپۆکراوە وەردەگیرێت، بەم پێیە رێژەی 70٪ی داهاتی بەدەستهاتوو لەم کارە بۆ خزمەتگوزارییەکان و ماستەرپلان و نەخشە تەرخاندەکرێت، رێژەی 30٪یشی بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێتەوە”.

یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، ژمارە 3ی ساڵی 2019 کە لە 12 مادە پێکهاتووە، لە 6ی تەممووزی 2021 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموارکرا، بەپێی هەمواری یاساکەش رێژەی 5%ی نرخی خانووەکە وەکو بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانووانەی زێدەڕۆن وەردەگیرێت بۆ تاپۆکردنی خانووەکان.

پەیوەندیدار