425 کۆچبەری دیکە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

کاروانی چوارەمی کۆچبەران لە بێلاڕووسەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 425 کەسە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27-11-2021 کاروانێکی دیکەی کۆچبەران گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ئەوە سێیەم کاروانی کۆچبەرانی بێلاڕووسە کە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

یەکێک لە کۆچبەرەکان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە هاوکارییان بکات، چونکە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە و ماڵ، ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکیان فرۆشتووە، ئێستا هیچیان نەماوە.

کۆچبەرێکی گەڕاوەی دیکە کە خەڵکی دهۆکە دەڵێت، دوو هەفتە لە بێلاڕووس بووە و زۆر هەوڵی داوە کە بگاتە پۆڵەندا، بەڵام نەیتوانیوە، بێلاڕووس بۆ ماوەی چوار رۆژ لە فڕۆکەخانە رایگرتوون و نزیکەی 900 کەسی دیکە لە فڕۆکەخانەی بێلاڕووس ماون.

لەو بارەوە، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتەر نووسیویەتی، گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە بە هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەنجامدراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، “ئێمە پابەندین بە گەڕاندنەوەی هەموو تاکێکی کورد کە خوازیارە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان”.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و لەدوای تووندترکردنی سنوورەکان لەلایەن پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیاوە، سەتان کۆچبەر بەزۆرینە کوردی باشووری کوردستان وبەشێكیش عێراقی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە گەڕانەوە و بەگوتەی حکومەتی بێلاڕووس هێشتا سەرووی 150 کۆچبەر لە ناوچەی سەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و پۆڵەندا ماونەتەوە و نزیکەی 2 هەزار کۆچبەریش لە ناوەندی لەخۆگرتنی کۆچبەرانن و چارەنووسیان دیارنییە.

گەشتەکانی گەڕانەوە کۆچبەران لە 18-11-2021 دەستی پێکرد و لە کاروانی یەکەمدا 431 کەس گەڕانەوە، دواتر لە کاروانی دووەمدا 176 کەس، لە کاروانی سێیەمدا 435 کەس گەڕانەوە.

بێلاڕووس لە رۆژئاواوە لەگەڵ لیتوانیا، پۆڵەندا و لاتڤیا هاوسنوورە. لە سەرەتاکانی ئەمساڵ لیتوانیا بەخێرایی رێکاری تووندی دژی لێشاوی کۆچبەران گرتە بەر، بۆیە قاچاخچییەکانیش هەوڵیاندا لە رێگەی پۆڵەنداوە خەڵک بگەیێننە یەکێتیی ئەوروپا

پلەی گەرمی لە سنوورەکانی نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا لە سفرەوە نزیکە و بە شەوانیش دەچێتە ژێر سفر، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەندیدار