نێچیرڤان بارزانی : فراوانبوونی هێرشەكانی داعش پەیامی جدیی ترسناكن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەکات کە لە هێرشێکی داعشدا لە سنووری کوڵەجۆ شەهیدبوون. دەشڵێت، “فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جیددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی رابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.

لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.

فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

نێچیرڤان بارزانی: فراوانبوونی هێرشەكانی داعش پەیامی جدیی ترسناكن2021/11/28

پەیوەندیدار