لە هەڵەبجە 53 برینداری چەکی کیمیاوی دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بڵاویكردەوە، لە رۆژانی داهاتودا لەسەر بودجەی حكومەت 53 برینداری چەكی كیمیاوی دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات و لە كۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەری تەندروستییان بۆ دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای هەوڵە بەردەوامەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ ناردنە دەرەوەی بریندارانی چەكی كیمیاوی، هەروەها دوای دروستبونی چەندین گرفت و ئاستەنگ هەر لە بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە تاوەكو داخستی گەشتەكان، بابەتی ناردنە دەرەوەی بریندارانی چەكی كیمیایی چارەسەر كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە رۆژانی داهاتودا لەسەر بودجەی حكومەتی  هەرێمی كوردستان و لە رێگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت 53 برینداری چەكی كیمیاوی دەنێردرێنە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەر.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە باسی لەوەش كردووە، ئەو 53 كەسە پێشتر رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە بۆیە داوا دەكەن بۆ زانیاری زیاتر سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە بكەن.

پەیوەندیدار